تاوەکو شەش مانگ پێش ئێستا سێ حزبى کۆمەڵە لە رۆژهەڵاتى کوردستان هەبوون، کۆمەڵەی کۆمۆنیست، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان. کۆمەڵەی کۆمۆنیست وەک حزبی دایکی کۆمەڵەکان ناودەبرێت و دوو کۆمەڵەکەى دیکە لەم جیابوونەتەوە.
کۆمەڵەی کۆمۆنیست ساڵی 1969 دامەزراوە و لە سەرەتادا ناوى “کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران” بووە، ئەم حزبە کوردییەى رۆژهەڵات لە ساڵى 1997ەوە بەدەستکێشەی نێوخۆییەوە دەیناڵاند، سەرئەنجام لە ساڵی 2000دا بەشێکیان جیابوونەوە، ئەم حزبە تازەیە ناوە کۆنەکەى کۆمەڵەیان وەرگرتووە و ناوی خۆیان نا “کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران”.
ئەم کۆمەڵە تازەیەش زۆری نەبرد بەهۆی ناکۆکی نێوخۆییانەوە کە بەشێکیان دژی عەبدوڵا موهتەدی سکرتێری حزبەکە بوون، دوای شەش ساڵ و لە 2007بەشێکی دیکەیان جیابوونەوە. بەشە جیابووەکە لەلایەن عومەر ئیلخانیزادەوە سەرپەرشتی دەکرا و ئەمانیش سێیەم حزبیان بە ناوى کۆمەڵەوە دامەزراند بەناوی “کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان” واتە دوو وشەیان لە ناوى حزبەکەى پێشوو کردەوە “شۆڕشگێڕ” و “ئێران”.
تاوەکو شەش مانگ پێش ئێستا ئەم سێ کۆمەڵەیە سێ حزبی جیاوازبوون و کاری سیاسی خۆیان دەکرد، بەڵام لە 20ی مانگی 11ی ساڵی رابردوودا سکرتێری دوو کۆمەڵەیان کە عەبدوڵای موهتەدی و عومەر ئیلخانیزادە بوون لە سوید یەکگرتنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیان راگەیاند.
سکرتێری ئەم دوو حزبە خزمایەتی لە نێوانیان هەیە و باوکیان ئامۆزای یەکدین، بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم بەشێک لە بەرپرسانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بێ ئاگایی خۆیان لەو یەکگرتنەوەیە نەشاردووەتەوە و گوتویانە کۆبوونەوەکەی سوید بۆ هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی و کۆبوونەوەبوو نەوەکو راگەیاندنی یەکگرتنەوە.
نیگەرانییەکان هەر ئەوە نین، بەڵکو بەشێک لە بەرپرسانی ئەو کۆمەڵەیەی کە عومەر ئیلخانیزادە سەرۆکایەتی دەکرد لەنێوخۆیاندا گوتویانە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەم یەکگرتنەوەیەدا زیانی بەرکەوتووەو لە ژێر فشاری مادیی ئیرادەی حزبەکە تەسلیم بە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کراوە.
هەرچەندە لەگەڵ یەکگرتنەوەی هەردوو کۆمەڵەکەدا عەبدوڵای موهەتەدی وەکو سکرتێر و عومەر ئیلخانیزادە وەکو جێگری سکرتێر دیاریکراون، ویستویانە کۆنگرەیەکی هاوبەش بکەن و سەرکردایەتی تازە هەڵبژێرن، بەڵام ئەمە درەنگ کەوتووە و نەکراوە، رەنگە ئەم دواخستنەش سەبری ئەوانەی پچڕاندبێت و وایلێکردبن دژی رێککەوتنەکە بوەستنەوە و بەشێک لە بەرپرسەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دژی سکرتێرەکەی پێشوویان بوەستنەوە لە شەوی رابردووەوە عومەر ئیلخانیزادەیان لەماڵەکەی خۆی لە زڕگوێز تەوقداوە.
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سکرتاریەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانى ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، عومەر ئیلخانیزاده جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵە لەماڵەکەی خۆی لە ئۆردوگاى بانەگەورەی نزیک زڕگوێزی سلێمانی گەمارۆدراوە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشان لە بەیاننامەیەکەیدا و بێ ئەوەی ناوی کەس بهێنێ دەڵێت، گەمارۆدانی عومەر ئیلخانیزادە پێچەوانەی پرەنسیپی حزبییە.
ئەو باڵەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە دژی عومەری ئیلخانیزادەن و بەوە تۆمەتبارن کە گەمارۆیان داوە، لەلایەن رەزا کەعبی جێگری عومەری ئیلخانیزادەوە سەرۆکایەتی دەکرێن.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێن، هێزێکی ئەمنی سەر بە ئیدارەی سلێمانی لە نزیک ماڵی عومەری ئیلخانیزادە جێگیرکراوە.
لەبارەی رووداوەکە عومەر ئیلخانیزاد بە زوومی راگەیاند، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان نەماوە تاوەکو من لە سکرتێری دووربخەنەوە، بەڵکو حەوت مانگ پێش ئێستا هەردوو کۆمەڵەکە یەکیانگرتووەتەوە.
لەبارەی روودوەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ئیلخانیزادە گوتی، ئێستا لە ماڵەکەی خۆمدام بۆ دروست نەبوونی گرژی نایەوێت لەوبارەیەوە قسەبکات.
ئێستا رەزا کەعبی کاروبارەکانی سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەڕێوەدەبات و بەگوتەی خۆیان بێت، عومەری ئیلخانیزادەیان لە سکرتێری حزبەکە دوورخستوەتەوە و دەڵێن، لە دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک لە یەکگرتنەوەکە بە هۆی لادان لە ئامانجەکانی یەکگرتنەوە و ناكۆكیی سیاسی، ئەم پرۆسەیە بە سەرەنجام نەگەیشت.
بەیننامەکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە لەلایەن رەزا کەعبییەوە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، وادەرکەوت ئەم پرۆسەیە بۆ ئەو هاوڕێیانە تەنیا هەوڵ بۆ لەناوبردنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە پێناو مەبەستە سیاسییە تەسکەکانی خۆیاندایە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە کۆتایی بەیاننامەکەدا رێککەوتنى یەکگرتنەوەى هەڵوەشاندووەتەوە و نوسیویەتی لەمڕۆوە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ژیان و تێکۆشانی سیاسیی خۆی درێژە پێدەدات.