بیستەمین کۆنگرەى دانووستانەکانی ئاستانا لەبارەی قەیرانی سوریا کە دوێنێ دەستیپێکرد ئەمڕۆ کۆتاییهات و پێدەچێت ئەمە دوایین گەڕى دانووستانەکان بێت، رۆژئاڤاى کوردستان لەگەڵ ئەوەى هیچ نوێنەرێکی لە کۆنگرەکەدا نەبوو، بەڵام پرسى کورد بەشێکى گەورەى دانووستانەکانى داگیرکردبوو.
سوریا، تورکیا، ئێران و روسیا یاریکەرە سەرەکییەکانى کۆنگرەى ئاستانان، بوراک ئاکچاپار جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، میخائیل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا، عەلی ئەسغەرخاجی راوێژکاری کاروباری سیاسی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەیمەن سۆسان جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا لە کۆنگرەکەدا بەشداربوون، هەروەها گێر پیدرسۆن نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا و شاندەکانی ئوردن، عێراق و لوبنان رۆڵی چاودێریان هەبوو.
بەگشتی لە کۆنگرەکەدا، پرسی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارەکان، گۆڕینەوەی دیلەکانى جەنگ، ئازادکردنی زیندانیان، پرسی تیرۆر، گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ وڵاتەکەیان گفتوگۆیان لەسەر کرا.
کشانەوەی سەربازانی تورکیا لەنێو خاکی سوریا و دەست هەڵگرتن لە پشتگیریکردنی گروپە چەکدارە توندڕەوەکان لە حەلەب و ئیدلب، یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی حکومەتی سوریا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە.
رۆژنامەی ئەلوەتەنی سوری، لە زاری بەرپرسێکی پایە بەرزی دیمەشقەوە رایگەیاند، روسیا نەخشەڕێگەیەکی ئامادە کردووە کە تورکیا هێزەکانی بە تەواوی لەنێو خاکی سوریا بکشێنێتەوە و لە ئاستانا ئەم پرسەش گفتوگۆی لەسەر کراوە.
ئەجێنداى سەرەکی تورکیا لە دانوستانەکاندا، دژایەتیکردنی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە کە لەلایەن کوردانی رۆژئاڤاوە بەڕێوە دەبرێت. هەرچەندە حکومەتی دیمەشق تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ جێبەجێکردنی داواکاری تورکیا بۆ لێدان لە هێزەکانی رۆژئاڤای کوردستان نەناوە، بەڵام بەگوێرەى لێدوانی بەرپرسانی روسیا بێت، مۆسکۆ دەیەوێت لەم پرسەدا دیمەشق نەرم بکات.
میخائیل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەی ئاستانە بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی قسەی کرد و رایگەیاند، ئەمریکا لەدژی یەکپارچەیی خاکی سوریا، پشتگیری لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات و دەیەوێت لەنیو بەشێک لە خاکی سوریا دەوڵەتێکی “زۆرینە کورد” دروست بکات.
بۆگدانۆڤ گوتی، ” ئێمە دەمانەوێت کێشەی کورد بە دیالۆگ چارەسەر بکەین، بەڵام ئەمریکا رێگە نادات، کورد لە حکومەتی دیمەشق نزیک ببێتەوە.”
ئەیمەن سۆسان جێگرى وەزیری دەرەوەی سووریاش لەبارەى پرسى کورد لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی روسیا تودەی گوتوویەتى، کورد بەشێکی گرنگی سوریایە، زوو یان درەنگ، ئەمریکا خاکی سوریا جێدەهێڵێت و ئەوکاتە دۆسیەی کورد بە ئاسانی دادەخرێت.
قسەکانى میخائیل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا کە گوتبووى “ئەمریکا نایەڵێت کورد و دیمەشق گفتوگۆ بکەن” نیگەرانى خۆبەڕێوەبەری رۆژئاڤا لێکەوتەوە و لە راگەیەنراوێکد دەڵێت “لەکاتێکدا کە هیوامان وابوو، روسیا لە پرسی دیالۆگی نێوان ئێمە و دیمەشقدا رۆڵ بگێڕێت، بەڵام بانگەشەی بێبنەما دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە زیاد بکات.”
ئەمڕۆ پاشنیوەڕۆ کۆبوونەوەکانى ئاستانا کۆتاییهات و چەند خاڵێک وەک دەرەنجامى گفتوگۆ و دانووستانەکان راگەیەندرا. لە بەشێکیدا دەڵێت” جەختمان لەسەر پێویستی پشتیوانیکردن لە گەڕانەوەی پەنابەران بە شێوەیەکی شکۆمەندا بۆ سوریا کردووەتەوە. داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە هاوکاری پێویست پێشکەش بە پەنابەران بکات. ئێمەش هاوکار دەبین لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.”
بەگوێرەى ئەنجامى کۆتایی دانووستانەکان باسی ئەوەش کراوە کە پێویستە دیلەکانی جەنگ ئازاد بکرێن و کەسانی بیسەروشوێن بدۆزرێنەوە، هەرچەندە بە روونی باسی پرسی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا نەکراوە، بەڵام ئاژانسی هاوار نیوزی سەر بە خۆبەڕێوەبەرییەکە لە هەواڵێکیدا دەڵێت، لایەنەکانی کۆبوونەوەی ئاستانا ئەوانیان بە “جوداخواز” لە قەڵەمداوە.
قانات تۆمیج جێگری سەرۆکوەزیرانى کازاخستانیش کە وڵاتەکەى میوانداری بیستەم کۆنگرەى ئاستاناىە رایگەیاند، “ئێمە سوپاسی هەوڵی شاندە بەشداربووەکان دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سوریا، دۆخی سوریا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و وڵاتانی عەرەبی هەوڵدەدەن سوریا بگەڕێننەوە بۆ نێو جیهانی عەرەبی.”
تۆمیج باسی ئەوەشی کرد کە گەڕاندنەوەی سوریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی و پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ دیمەشق، کۆمەڵێک دەستکەوتن کە لە ئەنجامی هەوڵی لایەنە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکانی ئاستانا بەدی هاتوون. باسی ئەوەشی کرد کە پێدەچێت، ئەمە دوایین کۆبوونەوە بێت لەبارەی قەیرانی سوریا کە لە ئاستانا بەڕێوەبچێت.
لەوبارەیەوە ئەلکساندر لاڤرنتیەڤ ئەندامی شاندی دانوستانکاری روسیا دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، پرۆسەی ئاستانا تەواو نەبووە، بەڵام ئەگەر کازاخستان دەیەوێت، کۆبوونەوەکان بۆ وڵاتێکی دیکە بگوازرێنەوە، دەتوانین قسەی لەسەر بکەین و جێگەیەک هەڵبژێرین. بۆ نمونە روسیا، تورکیا و ئێران دەتوانن بە نۆرە میوانداری کۆبونەوەکان بکەن.
قسەکانی جێگرى سەرۆکوەزیرانى کازاخستان وا لێکدەدرێتەوە کە ئەو وڵاتە لە چارەسەری قەیرانی سوریا لە رێگەی کۆبوونەوەکانی ئاستاناوە بێهیوا بووە، بەڵام روسیا پێداگیری دەکات و دەیەوێت رێگەچارەیەک بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی بدۆزێتەوە.
دانووستانەکانی ئاستانا لە کانونی دووەمی 2017 لەسەر پێشنیازی روسیا دەستیپێکرد. زیاتر لە شەش ساڵە دانوستانەکان بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی بەرچاو بەدەست نەهاتووە.