زووم:
پۆلیسى ئەلبانیا هەڵدەکوتێتە سەر کەمپى ئەشرەف-3 لە شارى مانەز کە ئەندامانى رێکخراوى موجاهیدنى خەڵقى ئێرانى تێدا نیشتەجێییە، گرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان دانیشتووانى کەمپەکە و پۆلیسدا روویدا، میدیاکانى سەر بە موجاهیدن باس لە کوژرانى کەسێک و برینداربوونى چەندین کەسى دەکەن، بەڵام وەزارەتى ناوخۆى ئەلبانیا دەڵێت هەڵکوتانەسەرەکە هیچ کوژراو و بریندارێکی لێ نەکەوتووەتەوە.
پۆلیسى ئەلبانیا دوێنێ سێشەممە هەڵمەتێکى گەڕان و پشکنینى لە کەمپى ئەشرەف ئەنجامدا، باڵەخانەکان و نووسینگەکانى سەر بە رێکخراوى موجاهیدنى خەڵق پشکێنران، لەبارەى هۆکارى هەڵمەتەکە میدیا لۆکاڵییەکان باسیان لەوەکردووە “گوماندەکرێت لەنێو کەمپەکەدا پلان بۆ هێرشى ئەلیکترۆنى دژى دامەزراوە بیانییەکان داڕێژرابێت”.
دانیشتووانى کەمپى ئەشرەف ناڕەزاییان لە هەڵمەتەکەى پۆلیسى ئەلبانیا نیشاندا و هەوڵیاندا بەرەنگارى هێزەکانى پۆلیس ببنەوە، بەڵام بە رشتنى گازى فرمێسکڕێژ بڵاوە بە ناڕەزاییەکە کرا، لای خۆیەوە موجاهیدینی خەڵق بانگەشەی ئەوە دەکات لە ئاکامی هەڵکوتانە سەرەکەدا یەک کەس کوژراوە و 36 کەسی دیکەیش بریندار بوون، دەشڵێت “دۆخی کەمپەکە زۆر مەترسیدارە”.
لە بەرامبەردا وەزارەتی ناوخۆی ئەلبانیا رایگەیاند، پۆلیس بە شێوەیەکی یاسایی پشکنینەکەی ئەنجام داوە و رێز لە ماف و ئازادییەکانی ئەو کەسانە گیراوە کە لە کەمپەکەدا دەژین. دەشڵێت، بۆ دڵنیابوونەوە لەو دەنگۆیانەی باس لە گیانلەدەستدان دەکەن لە کەمپەکەدا، لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدرێت.
وەزارەتی ناوخۆی ئەلبانیا راشیگەیاندووە، رێکخراوی موجاهیدینی خەڵق کە تەنها بۆ پێدانی مافە مرۆییەکان لە کەمپەکەدا جێگیرکراون، کاری لەو جۆرەیان ئەنجام داوە کە پێشێلکاریی زەقە بەرامبەر رێککەوتن و بەڵێنەکان، بەداخەوە ئەم گروپە بەڵێنەکانی نەبردووەتە سەر و رێککەوتنەکەی پێشێل کردووە”.
موجاهیدینی خەڵق رێکخراوێکى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانییە و لە شەستەکانى سەدەى رابردوودا بۆ خەبات لە دژى رژێمى شا دامەزرا، لە پاش هاتنەسەر کارى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە ساڵى 1979 ئەندامانى رێکخراوەکە روویان لە عێراق کرد و لە کەمپەکانى ئەشرەف لە دیالە و لیبەرتى لە بەغداد نیشتەجێبوون.
بەڵام لە پاش ساڵى 2003 و گرتنە دەستى دەسەڵات لەلایەن هاوپەیمانەکانى ئێرانەوە، بارودۆخى موجاهیدینى خەڵق لە عێراق رووى لە خراپى کرد، کەمپەکانیان کەوتنە بەر هێرشى مووشەکى گروپە چەکدارییەکان و سەدان کەسیان لێ کوژرا.
ساڵى 2013 لەسەر داواى ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان ئەلبانیا رەزامەندى نیشاندا پێشوازى لە ئەندامانى موجاهیدینى خەڵق بکات، بۆ ئەو مەبەستەش کەمپى ئەشرەف-3 لە شارى مانەز لە باکوورى رۆژئاواى وڵاتەکە دروستکراو ئێستا نزیکەى سێ هەزار لە ئەندامانى رێکخراوەکەى تێدا نیشتەجێکراوە.
ئەلبانیا کە یەکێکە لە وڵاتەکانى بەڵقان و دەکەوێتە باشوورى رۆژهەڵاتى ئەوروپاوە، ئەیلوولى ساڵى رابردوو پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانى لەگەڵ ئێراندا پچڕاند و تارانى تۆمەتبارکرد بەوەى هێرشى ئەلیکترۆنى گەورەى کردووەتە سەر دامەزراوەکانى حکومەتەکەى.