زووم، ئاژانسەکان
لە بۆنەیەکدا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکی چین بە “دیکتاتۆر” ناودەبات، ئەمەش رۆژێک دوای سەردانەکەى ئەنتۆنی بڵینکن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دێت بۆ چین، کە بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندەییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ئەنجامیدا.
بایدن گوت، شی جینپینگ، سەرۆکی چین زۆر شپرزەبووە لەو گرژییانەی نێوانیان، کە بەهۆی خستنەخوارەوەی باڵۆنە سیخوڕییەکەی چینەوە لەلایەن ئەمریکاوە، سەریهەڵداوە.
ئەو ئاماژەی بەوەشکردووە، “هۆکاری ئەوەی کە شی جینپینگ زۆر بێتاقەتبووە، ئەوەیە من فەرمانی خستنەخوارەوەی ئەو باڵۆنەم کرد، کە هێندەی دوو سندوقی ئۆتۆمبێل کەلوپەلی سیخوڕیی تێدابوو. لە کاتێکدا ئەو نەیدەزانی شتێکی هەیە.”
بایدن گوتیشی، “ئەوە شپرزەییەکی زۆرە بۆ دیکتاتۆرەکان، کاتێک نازانن چی روویداوە.”
لە سەردانەکەی بڵینکندا، کە تایبەت بوو بە کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتە زلهێزەکەی جیهان، سەرۆکی چین رایگەیاند، هەندێک بەرەپێشچوون هەبوون لە پەیوەندییەکاندا. لەبەرامبەردا بڵینن رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی چیندا راشکاوانە گفتوگۆیان ئەنجامداوە.
سەردانەکەی بڵینکن وەک یەکێک لە خاوەن بەرزترین پێگەکانی ئەمریکا بۆ پەکینی پایتەختی چین، لە ماوەی پێنج ساڵدا یەکەمجارە رووبدات لە نێوان دوو وڵاتەکەدا. هەریەک لە بایدن و شی جینپینگ ستایشی هەوڵەکەیان کرد بەوەی پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینێت. بەڵام بلینکن رایگەیاند، هێشتا جیاوازییەکان لەنێوان دوو وڵاتەکەدا بەردەوامن.
كێشەکانی ئەمریکا و چین دەمێکە بەردەوامن بەتایبەت بوارەکانی بازرگانیی، مافی مرۆڤ و پرسی تایوان دەگرێتەوە. بەڵام پەیوەندییەکانیان لە ساڵی رابردووەوە بەرەوخراپی رۆیشتووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمریکا بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەنگاو دەنێت و پارتی کۆمارییەکان لە ئێستاوە دەستیانکردووە بە رەخنەگرتن لە ئیدارەی بایدن بەوەی کە لەگەڵ چیندا هەڵوێستەکانی نەرمن.