زووم:
پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی ڕایگەیاند، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا “پەیوەندییەکی بەهێزی” لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و هەیە و هەر ئەویش سەردانەکەی ئەمڕۆی بۆلای ئەردۆغان ڕێکخستووە.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی وەک یەکەم بەرپرسی بیانی لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە و ” پیرۆزبایی لە سەرۆککۆماری تورکیا کرد بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی و هیوای سەرکەوتنی بۆ حکومەتی نوێی تورکیا خواست”، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەنراوی حکومەتی هەرێم.
پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار نوسیویەتی، هەرچەندە نێچیرڤان بارزانی کە ئێستا سەرۆکی هەرێمە لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر دڵخوازی ئەردۆغان بووە، بەڵام بازنەی چواردەوری ئێستای ئەردۆغان زیاتر لە مەسرور بارزانییەوە نزیکن.
هاکان فیدان و مەسرور بارزانی پەیوەندییەکی بەهێز و نزیکیان هەیە
ئاشکرایکردووە کە هاکان فیدان و مەسرور بارزانی پەیوەندییەکی بەهێز و نزیکیان هەیە بەهۆی ئەوەی ساڵانێک هەردووکیان بەرپرسی هەواڵگری بوون، هەر ئەویش کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لەگەڵ ئەردۆغان ڕێکخستووە و خۆیشی لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بووە و پێشتریش بە جیا کۆبوونەتەوە.
پێگەکە باسی لە دانەنانی ئاڵای کوردستانیش کردووە و دەڵێت، لە دیمەنی کۆبوونەوەکەدا تەنها ئاڵای تورکیا و کۆشکی کۆماری دانرابوون، چونکە لەدوای شکستهێنانی پرۆسەی ئاشتی لە ساڵی 2015 و هاوپەیمانی ئەردۆغان لەگەڵ مەهەپە، چیتر ئاڵای کوردستان لە ئەنقەرە دانەنراوە و “پێدەچێت لەناو چەکمەجەکانی کۆشدا تۆزیان لێ نیشتبێت”.
ئەلمۆنیتەر بە ناوی سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەشڵێت کە تورکیا کشانەوەی سکاڵای دووەمی عێراقی لە دادگای پاریس کە دژی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بە سەربەخۆی لە ساڵی 2018ـەوە تاوەکو سەرەتای 2023 کردووەتە مەرج بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام لایەنێکی شیعی چەکدار لە بەغداد ڕێگرە لەوە و نایەوێت هەماهەنگی بکات، هەرچەندە ئەمریکا لە پشتی پەردەوە خەریکی ڕێکخستنی عێراق و تورکیایە بەڵام کاریگەرییەکەی لاوازە
لە راگەیەنراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، “هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و فراوانکردنی دەرفەتەکانی ھاریکاری و هاوئاهەنگیی لەپێناو ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا”.
مەسرور بارزانی لە دوای کۆبوونەوەکە لە تویتێکدا نووسی، “ئەمڕۆ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری توركیا كۆبوومهوه و پیرۆزبایم لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی کرد.”
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی کە “گفتوگۆمان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە كرد.”
ئێوارەی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گەیشتەوە هەولێر.