زووم:
ئەگەر تورکیا وێستگەیەکی سەرەکی بێت بۆ کۆچبەرانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، ئەوا شاری وان لە باکووری کوردستان دەبێتە یەکەم دەروازە بۆ کۆچبەران، ئەوان سەرەتا لەوێوە دەست بە گەشتە هات و نەهاتەکەیان دەکەن.
وان هاوسنورە لەگەڵ ورمێ، بە شادەماری رێگەی قاچاخی کۆچبەران دادەنرێت.
ساڵانە هەزاران کۆچبەرى ئاسیای ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سنوری وان و ورمێ دەبڕن، کەم نین ئەو کۆچبەرانەى لەو سنورە و لە دەوروبەری دەریاچەی وان و لەنێو دەریاچەکە گیانیان لەدەستداوە، بەتایبەتی کۆچبەرانى ئەفغانی، پاکستانی، ئێرانی و هەندێکجار کۆچبەرانى عەرەب، هیندستان و بەنگلادیش ئەم رێگەیە دەگرنە بەر، بەڵام بەهۆی سەرمای سەختی وان و رووداوی هاتوچۆوە گیان لەدەستدەدەن، هەندێکجاریش دەکوژرێن.
کۆچبەران بەتایبەتی لە سنوری ناوچەکانی ئەبەخ، قەرەقەلی، سێرێ و ئەلباکەوە دەچنە نێو شاری وان. دواتر لە رێگەی زەمینی یاخود لە رێگەی دەریاچەی وانەوە، دەچنە تەتوان. هەندێکیشیان لە رێگەی ناوچەی پاتنۆسەوە دەچنە ئاگری و لەوێوە خۆیان دەگەیەننە ئەستەنبوڵ.
چیرۆکی بەشێک لەو رووداوانە دەگێڕینەوە، کە لە وان و دەوروبەری روویانداوە و بەهۆیەوە کۆچبەران گیانیان لەدەستداوە.
ساڵی 2022 لە ناوچەی سێرێی وان، سەربازانی تورکیا تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی کۆچبەران کرد و بەو هۆیەوە منداڵێک کوژرا و 12 کۆچبەر بریندار بوون.
لە هەمان ساڵدا و لە هەمان ناوچە، دوو سەربازی تورکیا تەقەیان بەسەر ژنێکی ئەفغانیدا کرد، کە ئەوکات دەنگدانەوەی زۆری لە میدیاکاندا هەبوو.
لە کانونی یەکەمی 2022دا، لە ناوچەی سێرێ دوو کۆچبەر لە سەرما رەق بوونەوە و گیانیان لە دەستدا.
هەمان ساڵ تەرمی سێ کۆچبەر لە نزیک ناوچەی ئەلکێی وان دۆزرانەوە.
هەر ئەو ساڵە بەهۆی هەرەسی بەفرەوە 21 پەنابەری ئەفغانی دیار نەمان و دوای توانەوەی بەفرەکە تەرمەکانیان دۆزرانەوە.
ساڵی 2020، 300 پەنابەر پێکەوە هەوڵیاندا سنوری ورمێ و وان تێپەڕێنن، بەڵام بەهۆی سەرماوە، 40 کەس رەق بوونەوە و گیانیان لەدەستدا.
هەمان ساڵ لە ناوچەی ئەبەخی وان، لە چلەی زستاندا 13 پەنابەر رەق بوونەوە و گیانیان لەدەستدا.
لە نیسان تاوەکو ئایاری 2019، 25 پەنابەر بەهۆی سەرمای زۆرەوە گیانیان لەدەستدا.
لە کانونی دووەمی ئەمساڵیشدا، سەربازانی تورکیا تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆچبەرى ئەفغانی کرد و بەوهۆیەوە دووانیان کوژران.
بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان، لە ساڵانی 2019، 2020، 2021 و 2022دا، 162 کۆچبەر کە زۆربەیان ئەفغانی بوون، لە سنوری پارێزگای وان گیانیان لەدەستداوە.
هۆکاری گیان لەدەستدانیشیان، رەقبوونەوە لەنێو بەفر، رووداوی هاتوچۆ، خنکان لەنێو دەریاچەی وان و تەقەی سەربازانی تورکیا بووە.
زۆربەی ئەو کۆچبەرانەى ناسنامەکانیان نادیارە، تەرمەکانیان لە گۆڕستانی بێکەسەکان لە گەڕەکی سەیرانتەپەی وان بەخاکسپێردراون.
پارێزگای وان بەهۆی سەختی کەشوهەوا و سروشتەکەیەوە، شوێنێکی مەترسیدارە بۆ پەنابەران، جگەلەوەش بە درێژایی سنورەکانی لەگەڵ پارێزگای ورمێ، دیوارێک دروستکراوە کە تێپەڕبوون لێی زۆر سەخت و مەترسیدارە.