زووم:
خەریکە بڕیارى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق لە کۆتایی ئەمساڵدا بە تەواوى جێگیردەبێت و لە ئێستاشەوە چۆنیەتى بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەدا و پێکهێنانى هاوپەیمانێتییەکان، لایەنە سیاسییەکانى شیعە و سوننەى بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، لەم نێوەندەدا پێشبینیکردن بۆ هەڵوێستى سەدر وەک جۆرێک لە مەحاڵى لێهاتووە، بەڵام میدیا عێراقییەکان لە زارى سەرکردەکانى رەوتى سەدرەوە دەڵێن، رەوتەکەیان لەژێر ناوى سێ لیستى جیاوازدا بەشدارى لە هەڵبژاردنەکەدا دەکات، هاوکات بڕیارە پاش 18 ساڵ هەڵبژاردنەکە لە پارێزگاى کەرکوکیش ئەنجام بدرێت، بەڵام تائێستا جوڵەیەکى ئەوتۆ لە لایەنە کوردستانییەکان نەبینراوە لەبارەى چۆنیەتى بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پارێزگاکە.
6ى 11ى ئەمساڵ بۆ رۆژى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق دیاریکراوە، بەڵام ماوەیەکبوو بەپاساوى تەواونەبوونى ئامادەکارییەکانى کۆمسیۆن باس لە ئەگەرى دواخستنى هەڵبژاردنەکە دەکرا، بەڵام ئێستا هەم کۆمسیۆن و هەم حکومەتیش دەڵێن ئامادەن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە وادەى خۆیدا.
ئەمڕۆ عیماد جەمیل، ئەندامى تیمی میدیایی کۆمسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە رۆژنامەى سەباحى راگەیاند، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دواناخرێت و لە وادەى خۆیدا ئەنجام دەدرێت.
رۆژێک پێشتریش محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانى کۆبوونەوەى لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە سەرجەم پێویستییەکانی ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنی پارێزگاکان ئامادەیە.
کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق چەند رۆژێکە کارەکانى خێراتر کردووە و دەرگای خۆتۆمارکردنی بۆ حیزب و کیانە سیاسییەکان کردووەتەوە کە دەیانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکەن لە 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ.
نەخشەی هاوپەیمانێتیە سیاسییەکان هێشتا روون نییە بەهۆی ئەو ناکۆکییە سیاسییانەی هەن کە بەشێکیان بە ئاشکران و بەشێکیشیان شاراوەن. لەبارەى هێزە شییعەکان ناکۆکییەکان لەسەر ئەوەیە کە ئایا بە یەک هاوپەیمانی بچنە هەڵبژاردنەکان یان هەر هێزە و خۆی ئازاد بێت.
دوێنێ رۆژنامەی “عەرەبی جەدید” و ئەمرۆش رۆژنامەی “شەرقولئەوسەت”ی لەندەنی رایانگەیاندووە، بەشێک لە هێزەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکە دەکەن بۆ مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو، بەڵام لەبەرامبەردا هەندێک هێز بە توندی دژی ئەمە دەوەستنەوە و رێگا نادەن هەڵبژاردنەکە دوابخرێت بە تایبەت هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتى نورى مالیکی و عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرکردایەتی قەیس خەزعەلی.
بەشداریکردن یاخود بەشدارینەکردنی “سەدرییەکان” و رەوتی “فوراتەین” بە سەرۆکایەتى محەمەد سودانی سەرۆکوەزیرانى ئێستاى عێراق، هێزەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی دوو دڵ کردووە و نازانن چۆن هەنگاو بنێن.
لەبارەى بەشداری سەدرییەکان لە هەڵبژاردنەکەدا، رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری سەرکردەیەکی سەدرییەکان “بێ ناوهێنان” دەڵێت، سەدرییەکان بڕیاریان داوە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکەن و دەزگا هەڵبژاردنەکانیان لە بەغداد و شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق خستووەتە کار بە شێوەیەکی رانەگەیەندراو.
سەرکردە سەدرییەکە رایگەیاندووە، رەوتەکەیان بە سێ لیستی جیاواز بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات، لیستێکیان بۆ بەغداد، لیستێک بۆ شارەکانی ناوەڕاست و لیستی سێیەم بۆ شارەکانی باشوری عێراق.
سەرکردەکە دەڵێت، مەرج نییە لیستەکان ناوی سەدر هەڵگرن، بەڵام سەر بە رەوتی سەدر دەبن.
هەرچەندە ئەم زانیاری و لێدوانە لەلایەن رەوتی سەدرەوە نە پشتراستکراوەتەوە و نەرەتکراوەتەوە، بەڵام بەشداربوونی سەدرییەکان هاوکێشەکان دەگۆڕێت و نەخشەی هاوپەیمانێتییەکان تێکدەدات.
وەکو رۆژنامەى شەرقولئەوسەت دەڵێت، لێدوانى سەرکردە سەدرییەکە ئەگەر راستی بن یان تەنها بۆ سەرنج راکێشانیش بن، ئەوا ترسی لای هێزە سیاسییەکان دروستکردووە، بەو پێیەی سەدرییەکان لە دوا هەڵبژاردنی عێراق زۆرترین دەنگ و کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا بە 73 کورسی، بەڵام دواتر لە پەرلەمان کشانەوە.
لەبارەى بەشدارى سوننەکانیش لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان تائێستا بەرچاو روونییەکى ئەوتۆ نییە و نەخشەرێگایەکی ئاڵۆزیان هەیە، جۆرێک لە ناسەقامگیری لە ریزەکانی سوننەدا بەدیدەکرێت، لەکاتێکدا لە دوا هەڵبژاردنى عێراقدا لە ساڵی 2021 هاوپەیمانى “تەقەدوم” بە سەرۆکایەتى محەمەد حەلبوسی زۆرترین دەنگی هێنا و لە ئێستاشدا رافع عیساوی هاتووەتەوە نێو گۆڕەپانەکەوە کە وەک لایەنی نەیاری حەلبوسی دەردەکەوێت.
هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق کە پاش 10 ساڵ یەکەمجارە بەڕێوەدەچێت، پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە بەڵکو لە 15 پارێزگاکەى دیکەى عێراق ئەنجام دەدرێت لەنێویاندا پارێزگاى کەرکوک کە لە دواى 2005ەوە یەکجارە هەڵبژاردنى پارێزگاکانى تێدا بەڕێوەدەچێت.
لەکاتێکدا هەڵبژاردنى ئەمجارەى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە کەرکوک بە هەڵبژاردنێکى چارەنووسساز لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام تائێستا لایەنە کوردستانییەکان هیچ جوڵەیەکی سیاسییان دەستپێ نەکردووە لەبارەى چۆنیەتى بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەدا، ئایا بە یەک لیست بەشدارى هەڵبژاردنەکە دەکەن یاخود هەر حزبە و بە جیا دەچێتە ململانێکەوە.