زووم، ئاژانسەکان
بەگوێرەى ئاژانسەکانى هەواڵ، ژێردەریاییەکی گەشتیاریی کۆمپانیای ئۆشن گەیتی ئەمریکی، کە بۆ بینین و تۆمارکردنی تێکشکانی کەشتی تایتانیک، چەند رۆژێک پێش ئێستا گەشتى بۆ ناوەڕاستی زەریای ئەتڵەسی کردووە، بێسەروشوێنە. ژێردەریاییەکە پێنج گەشتیارى تێدایە.
سەرەڕای ئەوەی، کەمتر لە سێ رۆژ ماوە بۆ ئەوەی ئۆکسجینی نێو ژێردەریاییەکە کۆتایی بێت، تیمە دەریاییەکانی وڵاتی ئەمریکا و کەنەدە لە سەرقاڵی گەڕانن بەدوای ژێردەریاییەکەدا.
بەگوێرەی پاسەوانانی سنوری دەریایی ئەمریکا، ئەو کەشتییەی کە ژێردەریاییەکەی هەڵگرتووە، دوای کاتژمێرێک و 45 خولەک لە دەستپێکردنی گەشتی ژێردەریاییەکە بۆ قوڵایی زەریای ئەتڵەسی، لەگەڵ تیمی نێو ژێردەریاییەکە پەیوەندییان بچراوە.
نرخی بلیتی گەشتی ژێردەریاییەکە بۆ هەرکەسێک 250 هەزار دۆلارە بۆ گەشتێکی هەشت رۆژە بە قوڵایی سێ هەزار و 800 مەتر لەنێو زەریادا. ئەو کۆمپانیایەی دروستیکردووە دەڵێت، ژێردەریاییەکەیان توانای هەیە بە قوڵایی چوار هەزار مەتر بچێتە ژێرئاو و بچێتە ژێرەوەی 50%ی ئاوەکانی جیهانەوە.
ژێردەریاییەکە ناوی تیتانە، کاپتنێک، ملیاردێرێکی بەریتانی، کوڕ و باوکێکی بنەماڵەیەکی بەناوبانگی بازرگانی پاکستان و سەرنشینێکی دیکەی هەڵگرتووە. بەگوێرەی گوتەی بەرپرسانی کەنەدا، ژێردەریاییەکە شەوی یەکشەممە 700 کیلۆمەتر لە دورگەی سانت جۆنز لە ویلایەتی نیوفاوندلاند لە رۆژهەڵاتی کەنەداوە دوور بووە.
ئەکاتەی لە کاتژمێر 6:00ـی بەیانی رۆژی یەکشەممە خراوەتە دەریاوە، بۆماوەی 96 کاتژمێر ئۆکسجینی تێدابووە. بەڵام لە شەوی یەکشەممەوە هیچ پەیوەندییەکی گفتوگۆکردن لەگەڵ وشکانیدا نەماوە.
بەرپرسانی سەربازی دەریایی ئەمریکا دەڵێن، ئەو ناوچەیەی ژێردەریاییەکە پەیوەندیی لێوە پچڕاوە، ناوچەیەکی زۆر دورەدەستە و گەڕان و پشکنین تێیدا کارێکی سەختە.
ئێستا تیمەکانی کەنەدا و ئەمریکا بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ژێردەریاییەکەدا. بەرپرسانی کەنەدا و ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵیی ئەسۆشیەیتد پرێسیان راگەیاندووە، فڕۆکەی ئاسمانیی بەردەوامن لە گەڕان بەدوایاندا. لەنێو زەریاکەشدا، ئامێرێک بەکاردەهێنن کە دەتوانێت لە رێگەی کۆنترۆڵەوە تا قوڵایی شەش هەزار مەتر بچێتە ژێر دەریاوە.
ئەوەی سەرنجی میدیاکانی جیهانی راکێشاوە، ملیاردێرە بەریتانییەکەیە بەناوی هامیش هاردینگ. هاردینگ سێ جار نازناوی سەرکێشی لە کتێبی گینسدا بەدەستهێناوە. لە ساڵی 2021دا لەگەڵ دەریاوانێکدا چوونە قوڵترین شوێنی رۆژئاوای زەریای هێمن و لە ساڵی رابردوودا لە رێگەی کەشتیی ئاسمانییەوە بۆ بۆشایی ئاسمان گەشتیکرد.
گەشتی ئەمجارەی ژێردەریاییەکە سێیەم گەشتی ساڵانەی بووە بۆ گەڕان و لێکۆڵینەوە لە کەشتی تایتانیک، کە لەساڵی 1912 بەهۆی خۆکێشانی بە شاخێکی بەستەڵەکدا ژێرئاوکەوت و بەهۆیەوە زیاتر 1500 کەس خنکان و 700 کەسیش رزگارکران.
سیناریۆکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ژێردەریاییەکە بەهۆی کێشەی کارەباییەوە پەیوەندیی نەمابێت یان بەهۆی فشاری زۆری ئاوەوە زیانی بەرکەوتبێت و ئاو دەزەی کردبێتە ناویەوە.