ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا سەرپەرشتی مانۆڕێکی ساڵانەی هێزە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی کرد و موشەکى بالیستیک و کروز تاقیکرانەوە.
مانۆڕەکە دوێنێ، چوارشەممە، 26/10/2022 کرا، کۆشکی کرێملین راگەیاند، موشەکی بالیستیک و کروز لە جەمسەری باکورەوە بەرەو رۆژهەڵاتی دورەدەستی روسیا هەڵدراون.
ناوى دوو موشەکى بالیستکی کیشوەربڕ بڵاوکراونەتەوە، کە روسیا تاقیکردوونەتەوە، یەکەمیان موشەکى یارس، لە شاری پلێسێتسکی باکوری رۆژئاوای وڵاتەکەیەوە بۆ ناوچە دورەدەستەکانی رۆژهەڵات هەڵدراوە.
هەروەها موشەکێکی بالیستیکی سینێڤا، لە دەریای بارێنتسەوە بۆ ناوچەیەکی دوری کورا لە پارێزگای کامچاتکا لە رۆژهەڵاتی روسیا هەڵدراوە.
کۆشکى کرێملن رایگەیاند، هەردوو موشەکەکە ئامانجەکانیان پێکاوە.
مانۆڕە ئەتۆمییەکەى روسیا هاوکاتە لەگەڵ زیاتربوونى گرژییەکانى نێوان روسیا و وڵاتانى رۆژئاوا، چەند رۆژێکە روسیا دەڵێن ئۆکراینا پلانی بەکارهێنانی “بۆمبی پیس” دادەڕێژێت، کە بۆمبێکە تەقینەوەکەی تێکەڵ بە مادەی تیشكدەر کراوە.
وەزیرى بەرگرى روسیا بۆ قایلکردنى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى پەیوەندى بە وەزیرانى بەرگرى ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، چین و تورکیاوە کرد، بەڵام وڵاتانى رۆژئاوا بڕوا بەو تۆمەتانە ناکات و لەو بڕوایەدا روسیا پلانى پێچەوانەى هەیە و خۆى بۆ ئەنجامدانى هێرشی فراوان ئامادە دەکات.
روسیا پێنج رۆژ پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا مانۆڕێکى هاوشێوەى ئەنجامدا. مانۆڕەکەى ئێستاش لەکاتێکدایە، مۆسکۆ هێزی زیاتر رەوانەی هەرێمى خێرسۆنی باشوری ئۆکراینا کردووە، بۆئەوەی روبەڕوی هێرشە پێچەوانەکانی ئەو وڵاتە ببێتەوە.
روسیا 20ى شوباتى ئەمساڵ هێرشەکانى بۆسەر ئۆکراینا دەستپێکرد، لە رۆژانی سەرەتای هێرشەکەدا هەرێمى خێرسۆنی کۆنتڕۆڵکرد، بەڵام لەم دواییانەدا بەهۆی پێشڕەوی سەربازیی ئۆکراینا، هەرێمەکە کەوتووەتە ژێر فشارەوە.
سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگری روسیا بە میدیای وڵاتەکەى راگەیاند، رایگەیاند، ئامانج لە مانۆڕە ئەتۆمییەکە بۆ تۆڵەکردنەوەیە لە “دوژمن” لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی ئەتۆمی، کە مەبەست لێی بەکارهێنانى “بۆمبی پیس”ە لەلایەن ئۆکرایناوە، وەک روسیا بانگەشەى بۆ دەکات.
لە کاتی مانۆڕەکەدا پوتین لە تەلەفزیۆنی روسیا نیشان درا، کە تەماشاى مەشقەکانی دەکرد و لە هەمانکاتتدا لە رێگەی ئۆنلاینەوە بەشداری لە کۆبوونەوەی دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەیدا کرد.
بەگوێرەى ئامارى فیدراسیۆنی زانایانی ئەمریکا، روسیا زیاتر لە 2500 موشەکی ئەتۆمی هەیە، کە بەشێکیان لە کۆگاکاندان و بەشێکیان لە دەریا و وشکانیدا جێگیرکراون.