بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق 20 رۆژە پەرلەمانی کوردستانی خستۆتە دۆخێکەوە، کە چەقی بەستووە و نە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و نە پەرلەمانتارەکانیش بەرچاویان روون نییە کە چی روودەدات و پێویستە چی بکەن.
ئەم دۆخە هەڵواسراوەی پەرلەمانی کوردستان تێی کەوتووە، دەرەنجامی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەم بوو، ئەمەش پاش ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە نەگەیشتنە رێککەوتن و ئیدی پەنایان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان برد، کە دواتر ناڕەزایی سیاسیی لێکەوتەوە و سکاڵا گەیەنرایە بەغداد.
دادگای فیدراڵیی عێراقیش سکاڵاکانی وەرگرت، پاش چەندین دانیشتن و بێنە و بەردەیەکی زۆر، لە کۆتاییدا رۆژی 31ی مانگی رابردوو درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نادەستووریی ناوبرد، لەو رۆژەوە ئیدی پەرلەمان چووەتە سوڕی متبوونەوە.
ئەمە یەکەمجارە هەرێمی کوردستان بەرامبەر بڕیارێکی دادگای فیدراڵیی بێدەنگیی سیاسیی هەڵدەبژێرێت و تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی سەرۆکایەتییەکانی هەرێم هیچ روونکردنەوەیەک نەدراوە، نە قبوڵکراوە و نە رەتکراوەتەوە.
ئێستا بەشێک لە پەرلەمانتارانی کوردستان دەڵێن دەوام دەکەین، بەڵام کۆنابینەوە، دۆخەکە بە هەڵواسراویی ماوەتەوە و پرۆسەی ئامادەکارییش بۆ خانەنشینکردنی پەرلەمانتاران دەستیپێکردووە.
متبوونەکەی پەرلەمانی کوردستان دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیشی گرتووەتەوە، زووم زانیویەتی لەسەر ئاستی باڵای پەرلەمانیش هیچ بەرچاوڕوونییەک نییە، نازانن هەڵوێستیان چی بێت و بەرەو کوێ هەنگاو دەنێن.
ئەوکاتەی دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیارێکی لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکرد، سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و حزب و لایەنە سیاسییەکان دەستبەجێ هەڵوێستی خۆیان راگەیاند و هەندێکیان زۆر بە توندی دژی وەستانەوە، بەڵام لەبارەی ئەم بڕیارە تازەیەی دادگاکەوە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان بێدەنگیی هەڵبژاردووە، نە گوتوویەتی قبوڵی دەکەم و نە گوتووشیەتی رەتی دەکەمەوە، بە بڕوای “چاودێرانی سیاسی” هەرێمی کوردستان نایەوێت راستەوخۆ هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێت، ئەگەر پابەندبوونی خۆی ئاشکرابکات ئەوا لەناوخۆدا روبەڕوی رەخنە دەبێتەوە، ئەگەر بە فەرمیش رایبگەیەنێت کە پابەند نابێت، ئەوا لە رووی سیاسییەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی و ناکۆکی لەگەڵ بەغداد.
هەرچۆنێک بێت ئەم بێدەنگییەی هەرێم رەنگە مانای ئەوە بگەیەنێت کە پابەنددەبن بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە، باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە جوڵە سیاسییەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، کە بێهیوابوون لە کارابوونەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم و راستەوخۆ پەیوەندییان بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە کردووە تاوەکو سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکات.
خاڵێکی دیکەش کە دەیسەلمێنێت هەرێم پابەندە بەو بڕیارەوە، راگرتنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان و هەروەها دەستپێکردنی پرۆسەی خانەنشینکردنی پەرلەمانتارانە.