زووم:
“کۆمارى ئیسلامى ئێران دەستی بە دەستگیرکردنی مامۆستایانی ئایینی کورد کردووە و هەندێکیانى بە زیندانیکردن و هەندێکی دیکەشیانى بە لێدانى قامچی و پێبژاردنى دارایی سزاداوە” ئەمە بە گوێرەى دوایین راپۆرتى رێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو.
رێکخراوەکە کە بایەخ بە پرسى مافەکانى مرۆڤ دەدات لە ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان، لە راپۆرتێکدا ژمارە و زانیاریی لەبارەى ئەو مامۆستا ئاینییانە خستووەتەروو کە لە شەش مانگی رابردوودا لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانى ئێرانەوە دەستگیرکراون، بەگوێرەى راپۆرتەکە لەو ماوەیەدا لانیکەم 16 مامۆستای ئایینی دەستگیرکراون.
زۆرترین مامۆستا ئایینى دەستگیرکراو لە پیرانشار و جوانڕۆ بوون، لە پیرانشارى پارێزگاى ورمێ شەش مامۆستاى ئایینى دەستگیرکراون، لە جوانڕۆى پارێزگاى کرماشانیش پێنج مامۆستا دەستگیرکراون، پێنج مامۆستاکەى دیکە لە سەردەشت، بانە، سنە و ڕەبەت دەستگیرکراون.
رێکخراوی هەنگاو باسی ئەوەی کردووە کە زۆرینەى مامۆستا ئایینیەکان بەهۆی ئەوەی پشتگیریان لە خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییە کردووە دەستگیرکراون کە لە پاش مەرگى ژینا ئەمینییەوە سەریان هەڵدا. “هەندێک لە مامۆستا ئایینیەکان سزای زیندانی چەندین ساڵ و هەندێکیشیان سزای لێدانى قامچییان بەسەردا سەپێندراوە، هەروەها جلوبەرگی مامۆستایەتیش لە هەندێکیان وەرگیراوەتەوە و کاری مەلایەتی و گوتارخوێندنیان لێ قەدەغە کراوە”.
هەنگاو ناوی ژمارەیەک مامۆستای ئایینی و ئەو سزایەی کە بەسەریاندا سەپێندراوە ئاشکرا کردووە کە بەم شێوەیەیە:
لوقمان کەریمی، خەڵکی جوانڕۆ سزای 11 ساڵ زیندانیکردن.
ئیبراهیم کەریمی، خەڵکی جوانڕۆ سزای 12 ساڵ زیندانیکردن.
عەبدولجەبار لوتفی، خەڵکی سنە سزای حەوت مانگ و 15 رۆژ زیندانیکردن.
مادیح کەرمی، خەڵکی سنە سزای ساڵێک زیندانیکردن.
سەید جەلال ئەکبەری، خەڵکی سەوڵاوا سزای دوو ساڵ زیندانیکردن.
ئارمان سادقی، خەڵکی دێولان سزای حەوت مانگ و 15 رۆژ زیندانیکردن.
سابیر خودامورادی، خەڵکی سەقز سزای 7 مانگ و 15 رۆژ زیندانیکردن.
حوسێن عەلیمورادی، خەڵکی سنە سزای دوو ساڵ زیندانیکردن.
سەیفوڵڵا حوسێنی، خەڵکی جوانڕۆ سزای 17 ساڵ زیندانیکردن.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، سەرجەمى ئەو مامۆستا ئاینییانە سوننەن و کەمترین دەرفەتیان پێدراوە تا بەرگریی لە خۆیان بکەن.