زووم:
پاش نزیکەى سێ مانگ لە راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێم، ئەمڕۆ بۆیەکەمجار هەردوو شاندى عێراق و تورکیا لەبارەى پرسەکە لە بەغداد کۆبوونەوە کە شاندێکى وەزارەتى سامانە سروشتییەکانیش بەشدارى تێدا کرد، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا هیچ بڕیارێک لەبارەى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم نەدراوە و سەرچاوەیەکش لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، پێویستیان بە کۆبوونەوەی زیاتر هەیە.
کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستى تەکنیکى بووە لەنێوان وەزارەتى وزەى تورکیا و وەزارەتى نەوتى عێراق، هاوکات لیژنەیەکى تەکنیکى لە وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى حکومەتى هەرێمیش بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کردووە.
وەکو پێشتر راگەیەنرابوو لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى کێشە و گرفتە تەکنیکییەکانى بەردەم دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم دەکرێت، بە تایبەت کە پێشتر وەزارەتى وزەى تورکیا رایگەیاندبوو پێویستە پشکنین بۆ بۆرى نەوتى عێراق-تورکیا بکرێت تاوەکو بزانن بەهۆى بومەلەرزەکانى ئەمساڵەوە هیچ زیانێکى بەرکەوتووە یاخود نا.
بەرپرسێکى وەزارەتی نەوتی عێراق کە ئاگادارى کۆبوونەوەکە بووە و نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە، “سەرجەم لایەنە تەکنیکییەکان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت تاوتوێ دەکەین، هیچ بڕیارێک نییە ئەمڕۆ هەناردەی نەوت دەسپێبکاتەوە، بەڵکو کۆبوونەوەی زیاتر دەکرێت”. پێشتریش رۆیتەرز لەزارى دوو سەرچاوەى عێراقییەوە رایگەیاندبوو، هێشتا هیوایەک نییە هەناردەى نەوت بەمنزیکانە دەستپێبکاتەوە.
لە پاش رێککەوتنە نەوتییەکەى 4ى نیسانى نێوان هەولێر و بەغداد، حکومەتى عێراق بە فەرمى داواى لە تورکیا کرد کە رێگەبدات بە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم بۆ بەندەرى جەیهان، بەڵام تورکیا بڕیارەکەى دواخست و رایگەیاند پێویستە سەرەتا پشکنین بۆ بۆرى گواستنەوەى نەوتى هەرێم بکرێت. بەڵام چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار لە پرسەکە باسیان لەوەکرد ئەنقەرە دەیەوێت یارى بە کات بکات تاوەکو لەگەڵ بەغداد لەسەر بڕى ئەو قەرەبووە بگاتە رێکەوتن کە دادگاى نێوبژیوانى نێودەوڵەتى لە پاریس بەسەریدا سەپاندووە.
بەگوێرەى بڕیارى دادگاکەى پاریس، کە رۆژى 23ـى ئازارى رابردوو دەرچوو، پێویستە تورکیا ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلارى قەرەبوو بدات بە عێراق، بەهۆى ئەوەى بەبێ رەزامەندى بەغداد نەوتى هەرێمى بۆ بازاڕەکانى جیهان گواستووەتەوە.
حکومەتى عێراق کە پێشتر هەموو هەوڵێکى دەدا بۆ راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێم، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت کەچى تائێستا هیچ ئەنجامێکى نەبووە، رۆژ بە رۆژیش پێشنیازى تازە لەبارەى نەوتى هەرێمەوە دەخرێتە بەردەم حکومەت و وەزارەتى نەوتى عێراق.
پاشئەوەى لە بودجەدا ئەو بڕگەیە جێگیرکرا “ئەگەر بە هەر هۆکارێک نەتوانرا نەوتى هەرێم هەناردەى دەرەوە بکرێ، ئەوا لە ناوخۆدا بەکاربهێنرێت”، ئێستا پێشنیازى تازەتریش هاتوونەتە ئاراوە. دوێنێ لیژنەی نەوت و گازى پەرلەمانی عێراق دوو پێشینازى ئاراستەى وەزارەتى نەوت کرد و داواى کردبوو ئەگەر تورکیا سووربێت لەسەر راگرتنەکە ئەوا لە رێگەى بەندەرى باشوور واتا بەسرە یاخود لە رێگەى هێڵى بۆرى عێراق-بانیاس کە بە سووریادا تێپەڕدەبێت نەوتى هەرێم هەناردەى دەرەوە بکرێت، بەڵام شارەزایانى کەرتى نەوتى عێراق جێبەجێکردنى هەردوو پێشنیازەکە لە ئایندەیەکى نزیکدا بە مەحاڵ دەزانن و دەڵێن چارەسەر تەنیا ئەوەیە لە رێگەى بەندەرى جەیهانەوە نەوتى هەرێم هەناردە بکرێت.
دوو رۆژ پاش بڕیارەکەى دادگاى نێوبژیوانى نێودەوڵەتى لە پاریس واتا لە 25ـى ئازارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمی کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە، کە رۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت بوو، ئەوەش جگە لە راگرتنى هەناردەى رۆژانەى 75 بۆ 85 هەزار بەرمیل نەوتى کەرکوک کە بە هەمان رێگە هەناردە دەکرا. راگرتنەکە زیانی یەک ملیار دۆلار مانگانە لە هەرێم و عێراق دەدات.