زووم:
وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان، لیستى موچەى ئەم هەفتەی بڵاوکردەوە، سبەى سێشەممە، موچەى یەکەکانى 70 و 80ى هێزەکانى پێشمەرگە دابەش دەکرێت، چوارشەممە موچەى وەزارەتى دارایی دابەش دەکرێت، پێنجشەممە موچەى وەزارەتى ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتى دام و دەزگا نەوتییەکان و بەڕێوەبەرایەتى رەگەزنامە دابەش دەکرێت.
ئەگەر دابەشکردنى موچە بەمشێوەیە بێت، تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە و پێش جەژنى قوربان حکومەت ناتوانێت موچەى تەواوى موچەخۆران دابەش بکات.
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان بە زوومى راگەیاند، زیاتر لە 350 ملیار دینار کورتهێنانیان بۆ دابەشکردنی موچە هەیە.
ئەو دەڵێت، بۆ دابینکردنى پارە بۆ دابەشکردنى تەواوى موچە وەزارەتى دارایی دوو رێگەى لەبەردەمە و لە ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی دەکەن.
وەک گوتەبێژى وەزارەتى دارایی دەڵێت، رێگەى یەکەم، ئەوەیە، بەغداد 400 ملیار دینارى دیکە بۆ هەرێمى کوردستان بنێرێت، لەسەر ئەم پرسە حکومەتى هەرێم لەسەر خەتە لەگەڵ حکومەتى فیدراڵی، بەڵام هێشتا هیچ ئاسۆیەک دیار نییە.
لەبارەى ناردنى 400 ملیار دینارى دیکە بۆ هەرێم، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە زوومی گوت، ئەگەر هەیە بەغداد 400 ملیار دینارى دیکە پێش جەژن بۆ هەرێم بنێرێت.
ئەو دەڵێت، چونکە وەزیری دارایی عێراق لەکاتى ئامادەبوونى لە لیژنەى دارایی، بە راشکاوی رایگەیاند، تاوەکو ئەوکاتەى هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێنەکاتەوە، بەردەوام دەبن لە ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان.
هونەر جەمال گوتەبێژى وەزارەتى دارایی هەرێم رێگەى دووەمى وەزارەتەکەیان بۆ دابینکردنى پارەى پێویست بۆ موچە بۆ زووم رون دەکاتەوە و دەڵێت، بیریان لە قەرز لە بانکە ناوخۆییەکان کردووەتەوە، بەڵام ئەویش بۆى رون نییە ئەم رێگەیە سەرکەوتوو دەبێت یان نا.
بۆ ئەم ئەگەرە، محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە زوومى گوت، پێشبینی دەکەین حکومەتی هەرێم پەنا بباتە بەر قەرزى ناوخۆیی، لە حاڵەتێکدا، بێئومێد بوو لە بەغداد.
محەمەد سەعدەدین، وەرگرتنى قەرزى ناوخۆیی بە پرۆسەیەکى ئاسان وەسف دەکات و دەڵێت، پێشتر چەندینجار بۆ موچە ئەو قەرزە کراوە.
ئەو دەڵێت، “هیچ چارەسەرێکى دیکە نییە و پێویستە حکومەت قەرز بکات بۆئەوەی بتوانێت پێش جەژن موچەی تەواوی وەزارەتەکان بدات، دواتر دەتوانێت لەو داهاتەی دێتەوە دەستی، ئەو قەرزانە بداتەوە بە بانکەکان.”