زووم، ئاژانسەکان
بەگوێرەى نوێترین ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 10 هەزار کۆچبەری نائاسایی بە بەلەمی بچووک لە کەناڵى ئینگلیزییەوە خۆیان گەیاندووەتە ئەو وڵاتە، ئامارەکە بە بەراورد بە ئەو ماوەیەی ساڵی رابردوو، ئامارەکە کەمیکردووە.
سەرباری بەگەرخستنی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ رێگریکردنی لێی لە شەپۆلەکە، تەنها رۆژی شەممەی رابردوو، حەوت بەلەم کە 374 کۆچبەری تێدابوو گەیشتنە کەناراوەکانی بەریتانیا، کۆی گشتی ئەو کۆچبەرانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە رێگەی ئەم نۆکەندە مەترسیدارەوە چوونەتە کەناراوەکانی بەریتانیا گەیشتووەتە 10 هەزار و139 کۆچبەر.
بەڵام هێشتا ئەم رێژەیە کەمترە لەوەی لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا تۆمارکراوە، لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی سەقامگیربوونی کەشوهەواوە پەڕینەوەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، زیاتر لە دوو هەزار و 500 کەس لە نێوان 10 بۆ 17ی حوزەیران گەیشتوونەتە کەناراوەکانی بەریتانیا.
لە تەواوی ساڵی 2022دا، زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەر روویان لە بەریتانیا کردبوو، کە ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە.
حکومەتی بەریتانیا، کە ئێستا لای پارتی پارێزگارانە، ساڵانێکە بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەری نائاسایی کردووەتە کاری لەپێشینەی و بەردەوامە لە توندکردنەوەی سیاسەتی خۆی.
لە پڕۆژەیاسایەکدا کە لە نەتەوەیەکگرتووەکان رەخنەی لێگرتووە، بەریتانیا بە نیازە رێگری بکات لەو کۆچبەرانەی دەگەنە ئەودیوی کەناڵەکە و داوای مافی پەنابەری دەکەن. بەهەمان شێوە ساڵی رابردوو حکومەت یاسایەکی دەرکرد، کە رێگەی دەدات کۆچبەران بنێرێت بۆ رواندا، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری ئەوروپا رێگری لە جێبەجێکردنی کرد.
لەندەن چەندین رێککەوتنی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی وەک فەرەنسا و ئەلبانیا واژۆکردووە بۆ باشترکردنی بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەری نائاسایی.