لە دووەم رۆژ و دوارۆژی سەردانەکەی بۆ پەکین، ئەنتۆنی بڵینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ وانگ یی، بەڕێوەبەری نوسینگەی کاروباری دەرەوە لە حزبی شیوعی چینی و چەند دیبلۆماتکارێک کۆبووەوە. ئامانج لە سەردانەکەی بڵینکن “رەوانەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و چینە”.
بلینکن و وانگ یی لە شوێنی میوانداری نێودەوڵەتی “دیاویوتای” یەکیان بینی و پێش کۆبوونەوەکەیان و لەبەردەم میدیاکان “موجامەلەی یەکدیان زۆرکرد”.
بڵینکن باڵاترین بەرپرسی ئەمریکایە، کە سەردانی پەکینی کردبێت لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو، دوێنێ لەگەڵ چین گانگ، هاوتا چینیەکەی بۆ ماوەی حەوت کاتژمێر و نیو لە کۆبوونەوەدابوو.
لەبارەى ناوەرۆکى کۆبوونەوەکە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بڵینکن گفتوگۆیەکی راشکاوانە و بابەتی و بنیاتنەرانەی لەگەڵ هاوتا چینیەکەی کردووە. بڵینکن جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی دیبلۆماسیەت و پاراستنی کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ چیندا، بەمەبەستی سنوردانان بۆ مەترسیەکانی بە هەڵە تێگەیشتن و هەڵە لێکدانەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بڵینکن هەندێک دۆسیەی باسکردووە، کە جێگەی نیگەرانین لەگەڵ باسکردنی چانسەکانی هاوکاری لەگەڵ چین لە هەندێک دۆسیەی هاوبەش.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، کۆبوونەوەکانی بڵینکن ئەمڕۆ دووشەممە بەردەوام دەبێت و داواشی لە هاوتا چینیەکەی کردووە سەردانی واشنتن بکات بۆ بەردەوامی گفتوگۆکان.
چین گانگ رازیبووە بە سەردانکردنی واشنتن لە کاتێکی دیکەدا.
چین گانگ رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و واشنتن لە خراپترین ئاستیدایە لە ساڵی 1979وە.
چین گانگ لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەنتۆنى بڵینکن پابەندی چینی دووپاتکردەوە بە دروستکردنی پەیوەندییەکی سەقامگیر و بنیاتنەر لەگەڵ ئەمریکا.
چین گانگ باسی لە ترسی چین کردووە لە بەرژەوەندیە باڵاکانی لە نێویاندا دۆسیەی تایوان، جەختیکردووەتەوە دۆسیەی تایوان گرنگترین و کاریگەرترین دۆسیەیە لەسەر پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا.