زووم، ئاژانسەکان
بەرپرسانی سەربازی بەریتانیا رایانگەیاند، دوای دەستپێکردنی هێرشی پێچەوانەی ئۆکراین بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی لە دەستی روسیا، لە ئێستادا هەردوولا روبەڕوی قوربانییەکی “زۆر” دەبنەوە و ژمارەیەکی زۆری سەربازیان لێ دەکوژرێت.
بەرپرسانی بەریتانیا ئاماژەیان بەوەشکردووە پێدەچێت ژمارەی قوربانیانی روسیا لە ئێستادا لە بەرزترین ئاستیدا بێت لەدوای دەستپێکردنی شەڕی باخموت لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵگریی بەریتانیا، لە ئێستادا قورسترین پێکدادان لە لە زاپۆریژیا، باخموت و پارێزگای دۆنێتسکە لە رۆژهەڵاتی ئۆکراین.
سوپای ئۆکراین دوێنی یەکشەممە رایگەیاند، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا روسیا 43 هێرشی ئاسمانیی، چوار هێرشی موشەکیی و 51 هێرشی دیکەی موشەکیی بچوکی ئەنجامداوە.
پارێزگاریی شاری دۆنێتسک رایگەیاند لە ئەنجامی هێرشەکانی روسیادا دوو هاوڵاتی مەدەنی کوژراون سێی دیکەش برینداربوون. ئەمەش لە کاتێکدایە لە ناوچەی خێرسۆن هاوڵاتییەکی دیکە بەهۆی هێرشەکانی روسیا کوژرا و چواری دیکەش برینداربوون. لە هەمانکاتدا، لە هێرشەکانی روسیا بۆسەر 20 ناوچەی نیشتەجێبوون لە زاپۆریژیا هاوڵاتییەک برینداربوو. ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی یەکشەممە هێزەکانی ئۆکراین بۆیەکەمجار گوندێکیان لە پارێزگای ژاپۆریژیا کۆنرۆڵکردەوە.
شرۆڤەکارانی رۆژئاوا و بەرپرسە سەربازییەکان دەڵێن، بەردەوامی هێرشی پێچەوانەی ئۆکراین بۆسەر روسیا، بەدرێژایی هەزار کیلۆمەتر، بەهۆی چەکە پێشکەوتووەکانی وڵاتانی رۆژئاواوە، پێدەچێت ماوەیەکی دوورودرێژ بخایەنێت.
رۆژی هەینی رابردوو گروپێک لە سەرکردەکانی حەوت وڵاتی ئەفریقا، بەمەبەستی نێوەندگیریی و راگەیاندنی ئاشتی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا، سەردانی کییڤی پایتەختی ئۆکراینیان کرد. بەڵام سەردانەکەیان هیچ ئەنجامێکی دڵخۆشکەری بەدوای خۆیدا نەهێنا.
دەستپێکردنی هێرشی پێچەوانەی ئۆکراین لە کاتێکدایە کە بەهۆی هەرەسهێنانی بەنداوەکەی ئۆکراین، کە لە ژێر دەسەڵاتی روسیادایە و هەردوولا یەکتریی پێ تۆمەتبار دەکەن، 16 هاوڵاتی ئۆکراین و 29ی دیکەش لەو بەرەی کە روسیا کۆنترۆڵی کردووە گیانیان لەدەستداوە.
سەرەڕای ئەوەی بەهۆی بەردەوامی شەڕی 15 مانگەی نێوان هەردوو وڵات ژمارەی قوربانیان بە فەرمیی رانەگەیەندراوە، لە ئێستادا هیچ هیوایەک بەدی ناکرێت بۆ کۆتایی هێنان بەو شەڕەی کە کاریگەریی تەواوی لەسەر جیهان دروستکردووە و زیانی زۆری بە بازاڕەکان گەیاندووە.