زووم:
کورد خراپترین دوژمنی خۆیەتی، ئەگەر پێشتر ئەمە لەناوخۆدا وەک پەندی پێشینان و دەلالەت لە کێشەی ناوخۆی کورد باسبکرایە، بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە و پایمانگایەکی جیهانی بەزمانی ئینگلیزی ئەم وێنەیە بۆ جیهان تازەدەکاتەوە.
پەیمانگای واشنتن بۆ رۆژهەڵاتی نزیک، لە گوتارێکی شیکاریدا، ئاماژەی بە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان داوە و نووسیویەتی، کورد سەردەمێک بە پایەیەکی سەقامگیریی ناوچەکە و هێزێکی پۆڵایین لە شەڕی داعشدا ناودەبرا، بەڵام ئێستا بەهۆی حزبایەتیی کوێرانە و سیاسەتی خێڵەکی و لێکترازانی ناوخۆییەوە پەکی کەوتووە و خراپترین دوژمنی خۆیەتی.
گوتارە شیکارییەکە لەلایەن یەریڤان سەعیدەوە نووسراوە، کە توێژەرە لە پەیمانگەی کەنداوی عەرەبی و مامۆستایە لە زانکۆی کوردستان لە هەولێر، دکتۆرای لە زانکۆی جۆرج مەیسن وەرگرتووە.
پەیمانگای واشنتن ئاماژەی بە ململانێ و شەڕی پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵەی عێراق کردووە و نووسیویەتی، پاش چەند مانگێک لە مشتومڕ و گفتوگۆی بەردەوام، سەرەنجام پەرلەمانی عێراق لە 12ی حوزەیرانی 2023 بودجەیەکی سێ ساڵەی بە بڕی 153 ملیار دۆلار پەسەندکرد، کە گەورەترین بودجەیە لە مێژووی وڵاتەکەدا، ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کورد لەلایەک و هەروەها ناکۆکییەکانی شیعە و سوننە لەلایەکی دیکە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دانیشتنەکانی پەرلەمانی دواخست، بەڵام دواجار دابەشبوون و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کورد هاوکاریی شیعە و سوننەی کرد تاوەکو سەربەخۆیی دارایی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن و بەشێک لە مافەکانی لێ بسەننەوە، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر حکومەتی هەرێمی خستە ژێر دەسەڵاتی فیدراڵییەوە و سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەستیپێکرد.
بە گوێرەی پەیمانگای واشنتن، ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، واتە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناکۆکیی مێژوویین و لەم ساڵانەی دواییشدا قوڵتر بوونەتەوە، تەنانەت هەوڵەکانی دیپلۆماتکارانی رۆژئاواییش نەیانتوانیوە کۆتایی بەو ناکۆکییانە بهێنن، ئەوەی باربارا لیڤ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک ئەنجامی دا، تەنها وچانێکی کورت بوو، دواتر سەرلەنوێ ناکۆکییەکان بەشێوەیەکی توندتر دەستیان پێکردەوە.
نووسەری گوتارەکە سەرسوڕمانیی خۆی نیشانداوە لەوەی کورد شارەزایە لە ئاشتکردنەوەی رکابەرە زلهێزە دەرەکییەکان، بەڵام زۆر لاوازە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ناکۆکی و رکابەرییە ناوخۆییەکاندا، هەر بۆ نمونە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان شانازیی بەوەوە دەکات کە نێوەندگیری لە نێوان محەمەد بن زاید جێنشینی ئەوکاتی ئیمارات و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیادا کردووە و پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەو هۆیەوە ئاسایی بوونەتەوە، بەڵام کاتێک لایەنە کوردستانییەکانی بۆ گفتوگۆ و کۆبوونەوە بانگێشتکردووە، هیچ ئەنجامێکی دەست نەکەوتووە.
پەیمانگای واشنتن دەڵێت، شیعەی عێراق توانیویەتی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە کوردییەکان بقۆزێتەوە و کۆنتڕۆڵی ئابووریی هەرێمی کوردستان بکات، ئەمەش بە روونی لە یاسای بودجەدا دەرکەوت. جگەلەوەش ملکەچبوونی دەسەڵاتی کوردی تەنها بەوەوە نەوەستاوە کە پیشەسازیی نەوت لەدەستبدات، بەڵکو لەمەودوا هەر دۆلارێکیش کە دەدرێتە هەولێر دەبێت لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە وردبینی بۆبکرێت.
بە گوێرەی گوتارە شیکارییەکە، ناکۆکیی نێوان لایەنە کوردییەکان متمانە و پێگەی حکومەتی هەرێمی لە ئاستی نیشتمانی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا کەمکردووەتەوە، دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم نەک تەنها لەبەرچاوی خەڵک بەڵکو لە ڕوانگەی یاساییشەوە شەرعیەتی خۆیان لەدەستداوە، ئەمەش دوای ئەوەی دادگای فیدراڵیی عێراق گوتی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە.
پەیمانگای واشنتن، دەڵێت ئێستا هەرێمی کوردستان پێویستی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەیە بۆ گەڕاندنەوەی شەرعیەتی گشتی و یاسایی، جگە لەوەش هەڵبژاردنێکی لەم شێوەیە دەتوانێت گرژی و ململانێ سیاسییەکان نەهێڵێت. ئەگەرچی هەڵبژاردنێکی نوێ ناتوانێت گرەنتی یەکێتیی نەتەوەیی بکات، بەڵام دەتوانێت دەرفەتێک بڕەخسێنێت بۆ پەرەپێدانی متمانە و گفتوگۆ و زیادکردنی بەشداریکردنی هاوڵاتیان.