زووم:
مانۆڕی سەربازیی موحەڕەم لەلایەن بارەگای شەهرامفەر و سوپای بەیتولموقەدەسی سوپای پاسدارانی ئێران لە پێنجەم رۆژدا لە ناوچەی کوێستانی کۆساڵانی شاری سەوڵاوای پارێزگای سنە بەردەوامە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە تۆپبارانی ناوچەکە دەستیپێکردووەتەوە. پژاکیش لەبارەی هێرشەکانەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە زاری ژمارەیەک هاوڵاتی خەڵکی ناوچەکە رایگەیاند، سوپای پاسداران هاوکات لەگەڵ تۆپبارانکردنی بەرزاییەکانی کوێستانی کۆساڵان، سەرقاڵی دروستکردنی رێگەیەکى تازەیە بۆ ئەوەی هێز و چەک و تەقەمەنی و سەربازی زیاتر بۆ ناوچەکە بگوازێتەوە.
باسی ئەوەشی کرد لە چەند رۆژی رابردوودا سوپای پاسداران بە بیانووی بەڕێوەچوونی ئەم مانۆڕەوە ڕێگریی کردووە لە هاتوچۆی ئاژەڵداران و هەنگەوانان بۆ ناوچەکە و ئاگریش لە ناوچەکە کەوتووەتەوە و مەترسی لەسەر ئاژەڵە کێویەکان و دارودرەخت دروستکردووە.
چالاکێکی ژینگەپارێزی سەوڵاوا کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوتووە، “سوپای پاسداران لەژێر ناوی مانۆڕی سەربازیدا دەیەوێت بنکەیەکی سەربازیی دیکە لە کوێستانی کۆساڵان دروست بکات.”
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەڵێت، سوپای پاسداران کوێستانەکانی شاهۆ و کۆساڵان وەک ناوچەی ستراتیژی جوگرافیایی بۆ هاتوچۆ و جێگیربوونی هێزەکانی حیزبە دژبەرەکانی لە قەڵەم دەدات و دەیەوێت لە رێگەی دروستکردنی بنکەی سەربازی ناوچەکە وەک ناوچەی سەربازی رابگەیەنێت و وردە وردە خەڵکەکەی لێ دەر بکات.
ئەمە لە حاڵێکدایە ئەم کوێستانانە دەیان گوندیان تێدایە و دانیشتوانی گوندەکان لە بەهارەوە تاوەکو ناوەڕاستی پاییز گوندەکانیان بەجێ دێڵن و دەچنە هەوارەکان و بژێوی ژیانیان لە رێی ئاژەڵداری و هەنگەوانیەوە دابین دەکەن.
لە چەند رۆژی رابردوودا شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای پاسداران و گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەو ناوچانە دەستیپێکرد. بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان تاوەکو ئێستا سەربازێکی ئێران لە پێکدادانەکاندا کوژراوە. لە ژمارەیەک دیمەنی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوکراونەتەوە، هەلیکۆپتەری جەنگی و درۆنەکانی سوپای پاسداران بە بەردەوامی لەسەر ئاسمانی ناوچەکە دەسووڕێنەوە و ناو بە ناویش ناوچەکە بۆردومان دەکەن.
ئەمڕۆ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لەبارەی ئۆپراسیۆنی سوپای پاسداران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئۆپراسیۆنەکەی ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکەیە و قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە.
کوێستانەکانی شاهۆ و کۆساڵان بە روبەری 57 هەزار و 236 هێکتار کەوتووەتە نێوان شارەکانی سەوڵاوا، روانسەر، پاوە، مەریوان و کامێرانەوە و لە سەر سنوری هەرێمی کوردستانە.
ئەم ناوچە کوێستانییە بەگوێرەى یاسای ژمارە 303ی شۆرای باڵای ژینگە وەک ناوچەی پارێزراو راگەیەندراوە و لەژێر کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای ژینگەپارێزیی ئێراندایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی سروشتی ناوچەکە لە مەترسیدایە، تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ پاراستنی ژینگەکەی نەناوە.
میدیاکانى ئێران ڤیدیۆى بۆردومانێکى سوپای پاسدارانیان لە کوێستانەکانى کۆساڵان بڵاوکردووەتەوە، کە ئەوان بە دژە شۆڕش ناوى دەهێنن و دەڵێن، لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی هێزە زەمینییەکانی سوپادا، بەنزیکەیی هەموو بارەگاکانیان لە ناوچەی کۆساڵانی مەریوان وێرانکراون.