زووم:
رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی رۆژنامەنووس زیاد لە جارێک بە بەڵگە و ئامار ئەوەیان سەلماندووە کە “عێراق گۆمی خوێنە بۆ رۆژنامەنووسان و یەکێکە لە خراپترین و مەترسیدارترین شوێن بۆ رۆژنامەنووسان لەسەر ئاستی جیهان”.
دوایین راپۆرتی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور دەڵێت، لەو 1700 رۆژنامەنووسەی لە 20 ساڵی رابردوودا کوژراون، زۆرترینیان لە عێراق و سووریا بوون. ئاماری فەرمی لەبەردەستدایە کە لەو ماوەیەدا زیاتر لە 500 رۆژنامەنووس لە عێراق یان کوژراون یان چارەنووسیان دیار نییە.
دۆخی ئازادیی رۆژنامەنووسی و ئازادیی رادەربڕین لە عێراقدا لە ناوچەی سووردایە، بە گوێرەی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە نێو 180 وڵاتی جیهاندا عێراق پلەی 167ی گرتووە و یەکێکە لەو وڵاتانەی خراپترین ئاستی ئازادیی رادەربڕینی تێدایە.
رۆژنامەنووسانی عێراق لەم بارودۆخەدا یادی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی عێراقی دەکەنەوە، کە 154 ساڵ لەمەوبەر و بە دیاریکراوی لە ساڵی 1869دا بەناوی زەورا دەرچووە. عێراقییەکان ئەو رۆژەیان کردووەتە جەژنی رۆژنامەگەریی عێراق.
پاش سەدە و نیوێک لە سەرهەڵدانی کاری رۆژنامەنووسی لە عێراق، رۆژنامەنووسان بە دەست دەیان ئاستەنگ و گرفتەوە دەناڵێنن و ئەوانەی پیشەییانە کاردەکەن هەمیشە ئاڵنگاریی گەورەیان لەبەردەمدا بووە.
هێشتا رۆژنامەنووسان لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە رەخنەیان لە رێنمایی و یاسا بەرکارەکانی رۆژنامەگەریی هەیە، دژی ئەو پێشێلکارییانە دەوەستنەوە کە بەرامبەریان ئەنجامدەدرێت.
محەمەد سودانی کە نزیکەی هەشت مانگە وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستبەکاربووە، لە جەژنی رۆژنامەگەریی عێراقیدا پاکێجێکی راگەیاندووە و دەڵێت، ئاسانکاریی بۆ رۆژنامەنووسان دەکەین.
پاکێجەکەی سودانی لە نۆ خاڵ پێکهاتووە، هیچیان پەیوەندییان بە فراوانکردنی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی کاری میدیاییەوە نییە. بە دیاریکراوی شەش خاڵی پاکێجەکە پەیوەندیی بە پارەی ئاو و کارەبا و مۆلیدە و نرخی ئینتەرنێتەوە هەیە، کە بەبڕوای داکۆکیکارانی مافی رۆژنامەنووسان، ئەم خاڵانە کاریگەرییان لەسەر ژیانی پیشەیی و باشکردنی ژینگەی کارکردنەوە نییە.
سودانی لە خاڵی یەکەمدا دەڵێت، وەزارەتی پەیوەندیدار رادەسپێرین کە ئینتەرنێت بە نرخێکی کەمتر بفرۆشنە کەناڵەکانی راگەیاندن.
لە خاڵی دووەمدا داوا لە وەزارەتی نەوت دەکات پێداچوونەوە بکات بە کرێی سوتەمەنی مۆلیدەی کەناڵەکانی راگەیاندندا، بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی میدیاکاندا بێت.
سودانی لە خاڵی سێیەمدا داوای لە بانکی ناوەندی کردووە پێداچوونەوە بکات بە کرێی حەواڵە داراییەکانی کەناڵەکانی راگەیاندندا بە کرێی مانگە دەستکردەکان.
چوارەم جەژنانەی سودانییش، ئاڕاستەکردنی داواکارییەکە بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە لە مامەڵەی دەرهێنانی بیمەی کۆمەڵایەتیدا ئاسانکاری بۆ رۆژنامەنووس و میدیاکاران بکەن.
خاڵی پێنجەمیش هەر پەیوەستە بە خزمەتگوزاریی رۆژانەوە و سودانی داوای لە پارێزگاری بەغدا کردووە پێداچوونەوە بە پارەی ئاوی سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندندا بکات.
داوایەکی دیکەی سودانی بۆ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی بووە، کە پێی گوتوون ئاسانکاری بکەن بۆ تێپەڕبوون و هاتوچۆی رۆژنامەنووسان و کەلوپەلەکانیان.
لە خاڵی هەشتەمدا سودانی جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ خزمەتگوزارییە رۆژانەییەکان و داوای لە وەزارەتی کارەبا کردووە پێداچوونەوە بە کرێی کارەبای میدیاکاندا بکەن.
دوایین جەژنانەی سودانییش بۆ رۆژنامەنووسان داواکارییەک بووە لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، کە فەرمان بۆ سەرجەم بازگە و مەفرەزەکان دەربکەن تاوەکو ئاسانکاری بکەن بۆ هاتوچۆی سەرجەم رۆژنامەنووسان و میدیاکاران لەنێوان پارێزگاکاندا.