بەگوێرەى راپۆرتێکى رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، سعودیە ئامادەیە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، بەڵام داواى گرەنتى پاراستى لە هێرشەکان کردووە.
رۆژنامەکە دەڵێت، بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە داوای لە شاندە ئەمریکییەکان کردووە گرەنتی بدەنێ بۆ پاراستنی سعودیە لە هێرشی سەربازی.
سعودیە داوای هاوبەشی ئەمریکی سعودی کردووە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لەپێناو بەرنامەیەکی ئەتۆمی مەدەنی، هەروەها داوای کەمکردنەوەی کۆت و بەندی کردووە لەسەر فرۆشتنی چەکی ئەمریکی بە سعودیە.
بەگوێرەى رۆژنامەکە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، 40 خولەک لە کۆبوونەوەدا بووە لەگەڵ شازادەی جێنشین و دوای جێهێشتنی سعودیە بە ماوەیەکی کەم، پەیوەندی کردووە بە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و لە مەرجەکانی سعودیە ئاگاداری کردووەتەوە.
کۆشکی سپی، کە ماوەی دوو ساڵە تاڕادەیەکی زۆر بەشداری نەکردووە لە دیبلۆماسیەتی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا هەوڵەکانی بۆ ئاسایکردنەوەى پەیوەندییەکانى سعودیە و ئیسرائیل چڕکردووەتەوە.
بەشێکى بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە ئەگەری رێککەوتنی دیبلۆماسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست 50% کەمترە، بڵینکنیش دەڵێت، گەیشتن بە رێککەوتن کارێکی ئاسان نییە، بەڵام ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل دەبێتە رووداوێکی دراماتیکی لە پرۆسەی رێککردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و دانپێدانانی سعودیە بە ئیسرائیلدا، وەک سەرکەوتنێکی سیاسی گەورە دەبێت بۆ نەتەنیاهۆ، کە ئێستا حکومەتەکەی روبەڕوی ناڕەزایی ناوخۆیی توند دەبێتەوە.
سعودیەش مەبەستێتی پەیوەندییە ئەمنیەکانی لەگەڵ ئەمریکا بەهێز بکات و چەکی زیاتر دەستبکەوێت و ئەمریکاش رێگەی بدات بە پیتاندنی یۆرانیۆم و پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیەکەی.
رێککەوتنی دیبلۆماسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا، گرنگە و وەک “نیعمەتێکە” بۆی پێش هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئەمریکا لە 2024.
بەرپرسانی ئەمریکاش نزیکبوونەوەیان لە سعودیە پێ باشە، وەک رێگەیەک دەیبینن بۆ دورخستنەوەی سعودیە لە چین کە زۆر تێکەڵاو بوون لەم دواییە.
بەڵام بە ئەنجامدانی رێککەوتنەکە هەموو لایەنەکان پێچەوانەی گوتەکانی پێشوویان دەبێت هەنگاو بنێن، ئیسرائیل دەیگوت رێگە بە پیتاندنی یۆرانیۆم نادات لەلایەن سعودیە، سعودیەش دەیگوت پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بەدینایەت تا دوای دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین، بایدنیش پێشتر بەڵێنی دابوو سعودیە بکات بە وڵاتێکی فەرامۆشکراو.
ئەمریکا هەوڵە دیبلۆماسیەکانی و سەردانەکانی چرکردووەتەوە، هەر ئەم هەفتەیە و دوای بلینکن، برێت مەکگۆرک، رێکخەرى کۆشکى سپی بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، لەگەڵ شاندێکدا بە سەردانێکی رانەگەیەندراو گەیشتنە سعودیە.
جاک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لە مانگی ئایار سەردانی سعودیەی کردووە.
رێککەوتنی ئەتۆمی ئەمریکا لەگەڵ سعودیە پێویستی بە رەزامەندی کۆنگرێس دەبێت، کە لەم بابەتەدا بە قوڵی کۆنگرێس دابەش دەبێت و هەندێک ئەندامی دیاری حیزبەکابی بایدنیش رەنگە دژی بوەستنەوە.
سعودیە هێندەی ئەوەی بەلاوە گرنگە کە چی لە ئەمریکاوە دەستدەکەوێت هێندە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلی بەلاوە گرنگ نیە، ئیسرائیل لەلایەن هاوڵاتیانی سعودیە وڵاتێکی قبوڵکراو و پێشوازیلێکراو نیە، بۆیە ئەگەر سعودیە ئەگەر تەنازولاتی زۆری لەلایەن ئەمریکا دەستنەکەوێت رەنگە بابەتەکە گران لەسەر شازادەی جێنشین بوەستێت.
سعودیە بە هەوڵەکانی چین لە مانگی ئازارەوە دەستیکردووە بە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، کە دەگوترا ئەم ئاساییکردنەوەی چارەنووسی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئیسرائیل نادیار دەکات.
هەروەها لە مانگی نیسانەوە سعودیە ناکۆکیەکانی لەگەڵ سوریا هێورکردەوە و زیاتر لەیەک نزیکبوونەوە کە ناکۆکیەکانیان لە ساڵی 2011وە دەستیپێکردبووەوە.
ئیسرائیل لە درێژەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی 2020وە بە نێوەندگیری ئەمریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەحرەین و ئیمارات ئاسایی کردووەتەوە.