رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرایکرد، بەڵگە هەن کە ئاماژەن بۆ ئەوەی ڕووخاندن و وێرانکردنی بەنداوی زەبەلاحی کاخۆڤکا لە ئۆکراین کە لە ئێستادا لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای ڕووسیادایە بەهۆی تەقینەوەیەکەوە بووە کە مۆسکۆ ئەنجامی داوە.
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە بە پشتبەستن بە گێڕانەوەی ئەندازیاران و شارەزایانی بواری تەقەمەنی بڵاویکردەوە، لە لێکۆڵینەوەکاندا بەڵگەی دروست و تەواو دەستکەوتووە کە تەقینەوەکە لە بنکەی کۆنکرێتی بەنداوەکەدا ڕوویداوە و بووەتەهۆی ڕووخانی تەواوی بەنداوەکەکە بووەتە هۆی لەناوچوونی بەنداوەکە لە 6ی حوزەیرانی 2023.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەڵگەکان بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەنداوەکە لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا ڕووخاوە کە ئەو لایەنەی کۆنترۆڵی کردووە ئەنجامی داوە، ئەویش ڕووسیایە”.
تیمێکی پسپۆڕی یاسایی نێودەوڵەتی کە هاوکاری لێکۆڵینەوەکە دەکەن لەسەر داوای داواکاری گشتی ئۆکراین ڕایگەیاند کە بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان و “بە ئەگەرێکی زۆرەوە” داڕمانی بەنداوەکە بەهۆی ئەو تەقەمەنییەوە بووە کە لەلایەن ڕووسەکانەوە چێنراوە.
بەڵام کۆشکی کرملین کییێڤ تۆمەتبار دەکات بە تێکدانی بەنداوەکە بۆ ئەوەی سەرچاوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوە لە دورگەی قرم ببڕێت و سەرنجەکان لەسەر هێرشی پێچەوانەی سوپای وڵاتەکەی دژی سوپای ڕووسیا لابدات.
بەنداوەکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆڤیەت و لە سەرەتای لەشکرکێشی مۆسکۆ لە ساڵی ڕابردوودا کەوتە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیا، ڕووداوەکە بووە هۆی ئەوەی ئاو بەسەر ناوچەیەکی زۆری بەرەکانی شەڕدا بڕوات و زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەناوبرد.