لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی عێراق دوو پێشنیازی بۆ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ کردووە بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ئەگەری سووربوونی تورکیا لەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەکە لە بەندەری جەیهانەوە.
عەلی مەشکور، ئەندامی لیژنەکە لە بە ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی وتووە، لیژنەکە پێشنیازیان بۆ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق کردووە کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) پشکی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی باشورەوە هەناردەبکات.
پێشنیازی دووەم، بە قسەی عەلی مەشکور، بریتییە لە بەردەوامبوون لە چاککردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی عێراق-بانیاس کە بە سوریادا تێدەپەڕێت و نەوتی لێوە هەناردە دەکرێت.
ڕوونیشیکردەوە کە “عێراق سەرجەم ڕێگا دیبلۆماسییەکان لەگەڵ تورکیا دەگرێتەبەر لەپێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.”
مەشکور جەختیکردەوە کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی تورکیا بە جێبەجێنەکردنی بڕیارەکەی دادگای پاریس و ڕێگریکردن لە گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان کە ڕۆژانە زیانی ملیۆنان دۆلار لە عێراق دەدات، وەزارەتی نەوت یەکێک لەو دوو پێشنیازەی سەرەوە جێبەجێ دەکات.
ڕۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵ و دوای بڕیارهكهی دادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانی پاریس، ههناردهی نهوتی ههرێم لهڕێگهی بهندهری جهیهانی توركیاوه ڕاگیرا، هەرچەندە لە 4ی نیساندا بەغدا و هەرێم لەسەر هەناردەکردنی ڕێککەوتن و چەندین وادە دیاریکرا بۆ دەستپێکردنەوەی، بەڵام تائێستا ڕاگیراوە.
بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەش، کۆمپانیای سۆمۆ ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت و داهاتەکەشی لە هەژمارێکی بانکی تایبەت دادەنرێت کە دەسەڵاتی خەرجکردنی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەبێت.