17ـى حوزەیران، رۆژى جیهانیی بەرەنگاربوونەوەى بە بیابانبوون و وشەکەساڵییە، نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت لە ساڵى 2000ـەوە وشکەساڵى 29% زیادی کردووە و تاوەکو ساڵى 2050 کاریگەرى لەسەر سێ لەسەر چوارى دانیشتوانى جیهان دەبێت.
لەم ساڵانەی دواییدا وشکەساڵی بەشێوەیەکی بەرچاو لە وڵاتانی ئەوروپادا سەریهەڵداوە، بەشێوەیەک کاریگەریی لەسەر شێداری خاکی ئەو وڵاتانە کردووە و وەک هەڕەشەیەک بۆ ژیانی مرۆڤایەتی سەیردەکرێت.
هاوینی ساڵی رابردوو وەک یەکێک لە وشکترین ساڵەکانی ئەوروپا تۆمارکراوە بەتایبەتى لە وڵاتانی باشور و رۆژئاوەی دەریای ناوەڕاست کە ئیتاڵیا، فەرەنسا و ئیسپانیا دەگرێتەوە. وشکەساڵییەکە بەجۆرێکە بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی روبارەکان، کەمبوونەوەی بەرهەمی دانەوێڵە و هەڵپڕوکانی روەک و گژوگیا لەوەرزی گەشەکردنیان لەو وڵاتانەدا.
بەگوێرەى راپۆرتى نەتەوەیەکگرتووەکان، دوو ملیار و 300 ملیۆن کەس لە جیهاندا روبەڕوى کێشەى ئاو بوونەتەوە.
بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە رودەدەن، وڵاتانی ناوچەکە روبەڕوی وشکەساڵییەکی سەخت بوونەتەوە و پێشبینیش دەکرێت دۆخەکە لەوەرزی هاویندا خراپتر ببێت.
لەنێوان مانگی ئایاری ساڵی 2022 بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ، پلەکانی گەرما بەهۆی وشکەساڵییەوە لە وڵاتانی مەغریب، جەزائیر، باشوری ئیسپانیا، باشوری فەرەنسا و باکوری ئیتاڵیا بۆ 2 پلەو نیو تا چوار پلە بەرزبوونەتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لەمساڵدا زیاتر بەرز ببنەوە، بەوپێیەی دۆخی وشکەساڵیی لەمساڵد لەو وڵاتانەدا خراپترە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی سەنتەری هەماهەنگیی توێژینەوەی یەکێتی ئەوروپا، دابەزینی ئاستی ئاوی روبارەکان بەهۆی کەمی بارانبارینەوە بووە. ئیسپانیا کە لە ئێستادا روبەڕوی کێشی کەمئاوی بووەتەوە، لەناوچەکانی ئەندەلوسیا ئاستی ئاوی بەنداوەکانی بەڕێژی 25%ی توانای خۆیان ئاویان گلداوەتەوە.
بەگوێرەی ئەم وێنەیەی خوارەوە، زۆرێک لە وڵاتانی رۆژئاوەی ئەوروپا لە دۆخی ئاگاداریی و هۆشداریدان، کە دوو خراپترین دۆخی وشکەساڵین. ئەمەش لەڕێگەی ئاستی شێداریی خاکی ئەو ناوچانەوە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کراوە.
ئایاری 2023 ئایاری 2022 ئایاری 2021
وشکەساڵیی کاریگەریی گەورەی لەسەر بەرهەمە رووەکییەکان و کەرتی کشتوکاڵی لەو ناوچانەدا دروستکردووە. ئەمەش بەهۆی درەنگکەوتنی وەرزی داچاندن و کەمبوونەوەی بەروبوومە کشتوكاڵییەکانەوە بووە. لە وڵاتانی مەغریبم جەزائیر و تونس، وشکەساڵی بەشێوەیەکە ئەمساڵ دەغڵودان هیچ گوڵی نەکردووە، ئەمەش مانای وایە هیچ بەرهەمێکیان نابێت.
راپۆرتێکی یەکێتی ئەوروپا باس لەوە دەکات، ئەگەر پلەکانی گەرما بەرزتر ببنەوە یان بارینی باران کەمتر ببێتەوە لەوەی هەیە، ساڵانێکی زۆر خراپتر چاوەڕێی ئەو وڵاتانە دەکات.
ئەم نەخشەیەی خوارەوە، کە لەلایەن سەنتەری هەماهەنگیی وەڵامدانەوەی فریاگوزاری یەکێتی ئەوروپاوە رۆژی هەینی بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەڕێژەی شێداریی خاک دەکات لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا لە رەنگی سەوزێکی کاڵەوە بۆ رەنگی سور وەک ناوچەیەکی ئاسایی بۆ ناوچەیەکی مەترسیدار، پۆڵێنکراوە.
ئەو ناوچانەی کە رەنگیان قاوەییە، رێژەی وشکهەڵاتنی خاکەکانیان لە نێوان 75% بۆ 90% وشکترە لە رێژەی ئاسایی شێداریی خاکەکە.
راپۆرتەکەی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوینی ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە مەترسییەکی زۆر لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو ناوچانە دروستدەبێت، بەشێوەیەک دەبێت بەردەوام چاودێریی دۆخەکە بکرێت و پلانی ئیدارەدانی ئاو لەوناوچانە و خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخەکدا بگیرێنە بەر.