جوڵە سیاسییەکان بە ئاڕاستەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامن، هەفتەی رابردوو شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێم لە بەغداد بوون، ئەمڕۆش شاندێکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر بوون و لەگەڵ سەرۆکی هەرێم گفتوگۆیان کردووە.
هەرێمی کوردستان زیاد لە جارێک روبەڕوی گرفتی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بووەتەوە، ئەمجارەش بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانەوە نەتوانرا لە وادەی خۆیدا بکرێت کە 10ی 10ی 2022 بوو، هەربۆیە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە و ناکۆکیی سیاسیی سەریهەڵدایەوە.
ئەگەرچی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم رۆژی 18ی 11ی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردن دیاری کردبوو، بەڵام دیسانەوە بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە ناتوانرێت لەو رۆژەدا هەڵبژاردن بکرێت.
زیاد لە شەش مانگە گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە بەردەوامە، هیچ لایەنێکی گۆڕەپانەکە دان بەوەدا نانێت کە لەگەڵ هەڵبژاردندا نییە، بەڵام نە رۆژی هەڵبژاردنیان پێ دیاری دەکرێت و نە لەسەر وردەکارییەکانیش رێکدەکەون. تەنانەت لەنێو هۆڵی پەرلەماندا کێشە کەوتە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، ئەگەرچی کۆمسیۆنی هەرێم بە دڵی پارتی کاراکرایەوە، بەڵام بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ریسەکەی لێ کردنەوە بە خوری.
لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا لایەنەکان تاوەکو رادەیەک بەرچاویان روون بووەوە کە پێویستە چی بکەن، ئەمەش پاش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق کە وەکو خاڵی وەرچەرخان وابوو، دادگاکە گوتی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە، هەربۆیە نە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن جێبەجێدەبێت و نە کۆمسیۆنی هەرێمیش دەتوانێت سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان بکات.
زیاد لە هەفتەیەکە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە جوڵە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی ئەو دۆخە. لەمەدا پەنای بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بردووە تاوەکو سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بکات، وەکو چۆن لە رابردوودا کردوویەتی.
هەفتەی رابردوو شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێم چوونەتە بەغداد، ئەمڕۆش بەپێچەوانەوە شاندێکی کۆمسیۆنەکەی عێراق هاتنە هەولێر و لەگەڵ سەرۆکی هەرێم کۆبوونەوە.
پێدەچێت لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی جدی کرابێت، جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و تیمێکی پسپۆڕی یونامی ئامادە بوون تێیدا و بۆچوونی خۆیان خستووەتەڕوو، ئامادەیی خۆیان نیشانداوە کە هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن.
راگەیاندنی سەرۆکایەتیی هەرێم دەڵێت، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆیان نیشانداوە کە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکان بکەن، ئەمەش هەنگاوی یەکەمە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان.
ئێستا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ راگەیاندنی رۆژی هەڵبژاردن چاوەڕوانی دوایین وەڵامی کۆمسیۆنی عێراق دەکات، هەرێم دەیەوێت بزانێت کۆمسیۆنی عێراق کەی دەتوانێت خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێم تەرخانبکات، ئەویش ئەوکات رۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات، بەوپێیەی لە ئێستادا عێراق هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی لەپێشە و کۆمسیۆن بە تەواوی سەرقاڵە بەو پرۆسەیەوە.