ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان یەکەم لێدوانی لەبارەی مووچەی مانگی ئایارەوە بڵاوکردەوە، کە پێدەچێت ببێتە دوایین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەر لە جێبەجێکردنی یاسای بودجە.
پێشتر محەمەد سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق زیاد لە جارێک جەختی لەوەکردبووەوە کە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ئەستۆدەگرن و حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەکو هەر پارێزگایەکی دیکە.
ئەگەر ئەم بەڵێنەی سودانی ببێتە کردار و یاسای بودجە جێبەجێبکرێت، رەنگە ئەمە دوایین مانگ بێت فەرمانبەرانی هەرێم لە چاوەڕوانیی بڵاوکردنەوەی لیستی وەزارەتەکاندا بن.
پرۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکراوە و پێدەچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا رێکارەکانی دیکە تەواو ببن و پرۆژەیاساکە ببێتە یاسا و جێبەجێبکرێت، لەوکاتەشدا پشکی هەرێمی کوردستان لەو بودجەیە دەنێردرێت و مووچەی پێ دابەشدەکرێت.
کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرایکرد، کە ئەو 400 ملیار دینارەی بەغدادیان بەدەستگەیشتووە، کە دوێنێ خرابووە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە.
وەزارەتی دارایی هەرێم بەبێ ئەوەی لیستی وەزارەتەکان رابگەیەنێت، تەنها نووسیویەتی کە لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات و وەزارەتی تەندروستی مووچە وەردەگرێت.
بڵاونەکردنەوەی لیستی وەزارەتەکان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ئاماژەیەکی روونە کە هێشتا حکومەتی هەرێم کورتهێنانی هەیە و نەیتوانیوە پارەی تەواو کۆبکاتەوە بۆ دابەشکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینار هەیە بۆ مووچەی هەموو مانگێک، ئەگەر ئێستا 400 ملیار دیناریان لە بەغدادەوە بۆ هاتبێت و داهاتی ناوخۆ و یارمەتیی هاوپەیمانانیش نزیکەی 226 ملیار دینار بێت، کەواتە هێشتا نزیکەی 300 ملیار دینار کورتهێنان هەیە، هەر ئەمەیشە وایکردووە وەزارەت لیستی وەزارەتەکان رانەگەیەنێت.
ئەم گرفتە بۆ دابەشکردنی مووچە لە مانگی رابردووشدا دروستبوو، بەڵام چارەسەرەکەی لەلای بەغداد بوو، بەوپێیەی دوو جار 400 ملیاری دیناری بۆ هەرێم نارد، ئەوکات وەزارەتی دارایی توانیی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەشبکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت تەنها بەو 400 ملیار دینارە مووچە دابەشبکات، کە ئەمڕۆ گەیشتووەتە دەستیان، چونکە کورتهێنانی گەورە دروستدەبێت، بۆنموونە لەو 400 ملیار دینارە 150 ملیار دیناری لێ جیادەکرێتەوە بۆ سلێمانی و 250 ملیارەکەی دیکەی تەرخاندەکرێت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆک.
ئەم بڕە پارەیە دادی مووچەخۆرانی هیچ کام لە پارێزگاکان نادات، سلێمانی 150 ملیار دیناری بۆ دەنێردرێت لەکاتێکدا پێویستیان بە 362 ملیار دینار هەیە، واتە بڕی کورتهێنانی مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی دەگاتە 212 ملیار دینار.
کورتهێنانەکە هەولێر و دهۆکیش دەگرێتەوە، چونکە ئەوان پێویستیان بە 550 ملیار دینار هەیە و ئێستا 250 ملیاریان بۆ چووە، واتە 300 ملیار دینار کورتهێنانیان هەیە.
بە کۆی گشتی وەزارەتی دارایی هەرێم پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینار هەیە بۆ دابەشکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران، بەڵام 400 ملیاری بۆ هاتووە و 500 ملیار کورتهێنانی هەیە.
سەرەنجام رەنگە حکومەتی هەرێم چاوەڕێی 400 ملیار دیناری دیکە بکات کە لە بەغدادەوە بۆی رەوانە بکرێت، دەنا ناتوانێت لیستی وەزارەتەکان رابگەیەنێت.