ئێوارانى پێنجشەممە دەرگاى بازاڕەکانى دراو لە عێراق و هەرێمى کوردستان دادەخرێن و تاوەکو بەیانى رۆژى یەکشەممە ناکرێنەوە، چونکە بانکى ناوەندى عێراق لە رۆژانى یەکشەممە بۆ پێنجشەممە دۆلار دەخاتە بازاڕەوە.
لەسەرەتاى ئەم مانگەوە هەفتە لەدواى هەفتە بانکى ناوەندى عێراق، فرۆشى دۆلاری کەمکردووەتەوە. بڕى فرۆشى ئەم هەفتەیەش بەمشێوەیە کە دەیخەمەڕوو:
رۆژى یەکشەممە؛ 203 ملیۆن دۆلار.
دووشەممە؛ بووە بە 201 ملیۆن دۆلار.
سێشەممە؛ بەرزبووەتەوە بۆ 212 ملیۆن دۆلار.
چوارشەممە؛ کەمبووەتەوە بۆ 207 ملیۆن دۆلار.
ئەمڕۆ، پێنجشەممە؛ بانکى ناوەندى 227 ملیۆن دۆلارى فرۆشتووە.
کەواتە کۆى گشتى ئەو بڕەى ئەم هەفتەیە بانکى ناوەندى فرۆشتویەتى، دەکاتە ملیارێک دۆلار. واتە بە تێکڕاى رۆژانە، بانکى ناوەندى 210 ملیۆن دۆلارى خستووەتە بازاڕەوە.
ئەم بڕە بەراورد بە هەفتەى پێشوو کەمترە، چونکە تێکڕاى هەفتەى پێشوو 219 ملیۆن دۆلار بوو.
نرخى ئێستاى 100 دۆلار بەرامبەر بە 147 هەزار دینارە، ئەم هەفتەیە نرخەکە کەمێک بەرزونزمى کرد، سەرەتاى هەفتە و لەکاتى دەنگدانى پەرلەمان بۆ هەندێک مادەى پرۆژەیاساى بودجە نرخى 100 دۆلار دابەزى بۆ خوار 145 هەزار دینار، بەڵام رۆژى دووشەممە، کە پەرلەمان کۆى گشتى یاساکەى پەسەندکرد، نرخى دۆلار بەرزتر بووەوە، لەکاتێکدا چاوەڕاندەکرا، نرخەکە دابەزێت بۆ خوار 140 هەزار دینار، بەوپێیەى لە یاساکەدا نرخى 100 دۆلار بەرامبەر بە 130 هەزار دینار جێگیرکراوە، وەک ئەوەى بانکى ناوەندى دەیفرۆشێت.