زووم، ئاژانسەکان
میدیا جیهانییەکان رایانگەیاند، رۆژی چوارشەممە بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێکی کۆچبەرانەوە لە سنورە ئاوییەکانی یۆنان، 79 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی میدیای فەرمی یۆنان، بەلەمەکە لە شاری تۆبروکی لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیاوە بەڕێکەوتووە و سەدان کەسی هەڵگرتووە. بەڵام بە دووری 47 میل لە کەناراوەکانی شاری پیلۆسی یۆنان لە بەرەبەیانی چوارشەممە ژێرئاوکەوت و بەگوێرەی پۆلیسی سنورە ئاوییەکانی یۆنان پێدەچێت کەسانی دیکەش هەبێت کە گیانیان لەدەستدابێت.
لە رووداوەکەدا 104 کۆچبەری دیکە رزگارکراون و گوێزراونەتەوە بۆ شاری کالاماتای یۆنان. بەگوێرەی پارێزگاری ئەوشارە، تاناسیس ڤاسیلۆپۆلۆس، “سەرجەم ئەو پیاوانەی کە رزگارکراون تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 41 ساڵیدایە، بەو پێیەی کە خۆیان باسیان کردووە.”
ئاماژەیان بەوەشکردووە، “لەسەر بەلەمەکە ژن و منداڵیش هەبوون،” کە پێدەچێت گیانیان لەدەستدابێت.
بەهۆی تاریکییەوە شەوی رابردوو گەڕان بەدوای تەرمەکاندا وەستاوە و بڕیارە ئەمڕۆ تیمەکان دەست بکەنەوە بە گەڕان بەدوایاندا.
سەرەڕای ئەوەی تائێستا ژمارەی ئەوکەسانەی کە لەسەر بەلەمەکە بوون نەزانراوە، بەڵام بەگوێرەی وتەی ئەوکەسانەی کە رزگاریان بووە نزیکەی 750 کەس لەسەر بەلەمەکە بوون.
بەرپرسانی یۆنان دەڵێن “ئەوەی کە لێی دەترسین ئەوەیە کە ژمارەی قوربانیان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە.”
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە تویتێکدا رایگەیاند کە بەلەمەکە زیاتر لە 400 کەسی هەڵگرتووە.
لەوبارەیەوە ئەنتۆنیۆ گوتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تویتێکدا رایگەیاند “روداوێکی دیکەی ترسناکی نقومبوونی کەشتی رویدا، ئەمجارەیان لە نزیک یۆنان، کە بەهۆیەوە ژیانی دەیان کەسی کرد قوربانی.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، “وەک پێشتریش وتوومە، هەرکەسێک کە بەدوای ژیانێکی باشتردا دەگەڕێت، شایەنی سەلامەتیی و شکۆمەندییە.”
Another horrific shipwreck in the Mediterranean – this time near Greece – has claimed the lives of scores of people.
As I’ve said before – every person searching for a better life deserves safety & dignity.
— António Guterres (@antonioguterres) June 14, 2023
رێکخراوی زەنگی تەلەفۆنی کە رێکخراوێکی مرۆییە و لە رێگەی ژمارە پەیوەندیی (+334 86 51 71 61) دەنگی لێقەوماوانی دەریا دەگەیەنێتە تیمی وڵاتانی پەیوەندیدار بە سنورە ئاوییەکانەوە، رایگەیاند لە سەرەتای روداوەکەدا پەیوەندییان پێوەکراوە، بەڵام پەیوەندییەکە روون نەبووە قورس بووە قسە لەگەڵ کۆچبەرەکاندا بکەین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەدوای ئەوەی بەلەمەکە پەکی کەوتووە، سەرەڕای برسێتی و تینوێتییان، کاپتنەکە دوای سێ کاتژمێر جێیهێشتوون.
شەوی سێشەممە کەشتییەکی بازرگانیی ئاوی پێداون بەرلەوەی رووداوەکە رووبدات. کۆتاجار کە رێکخراوەکە توانیویەتی پەیوەندییان پێوە بکات کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی چوارشەممە بووە. کۆتا پەیامیش کە ناردوویانە ئەوە بووە: “سڵاو هاوڕێ، ئەو کەشتییەی کە ئێوە دەینێرن….” ئیتر پەیوەندییەکە پچڕاوە.
سەرۆکی یۆنان لە سەردانێکیدا بۆلای کۆچبەرە رزگاربووەکان رایگەیاند، “توشی شۆک بووین وەک هەرکەسێکی دیکەی یۆنان.”
یۆنان بە دڵی قەیرانی کۆچبەرانی ئەوروپا دادەنرێت، بەوپێیەی لەلایەن کۆچبەرانی ئاسیا، ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک رێگایەک بەکاردێت بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا.
بەگوێرەی چەند ئامارێک، ژمارەی کۆچبەران کە ئەمساڵ گەیشتوونەتە ئەوروپا ئاستی پێوانەیی تۆمارکردووە، ئەمەش بەهۆی زۆربوونی شەڕ، نایەکسانی جیهانیی و قەیرانی کەشوهەواوەیە.
بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆنی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنها لەمساڵدا تا مانگی ئایار، زیاتر لە 66 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپای سەر دەریای ناوەڕاست. ئەم ژمارەیەش دوو هێندەی ساڵی 2019یە و بەرزترین رێژەیە لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، ئەوکاتەی کە لە ساڵی 2015 بۆ 2016 بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوریا و داعشەوە زیاتر لە ملیۆنێک خەڵک گەیشتنە کەناراوەکانی ئەوروپا.