زووم، رۆیتەرز:
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند، عێراق و تورکیا بەنیازن سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەبارەی چارەسەری كێشە تەکنیکییەکان بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم کۆببنەوە. ئاژانسەکە لە زاری دوو سەرچاوەشەوە رایگەیاندووە کە هیواکی بەهێز نییە هەناردەی نەوت بەخێرایی دەستپێبکاتەوە.
لە کۆتاییەکانی مانگی ئازاردا بەهۆی بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، تورکیا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانى لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە وەستاند، ئێستا کە 80 رۆژ تێپەڕدەبێت بەسەر ئەو بڕیارەدا، حکومەتی هەرێم زیاتر لە دوو ملیار دۆلاری لەدەستداوە وەکو لە هەواڵەکەى رۆیتەرزدا هاتووە.
لەبارەی دەستپێکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان عێراق و تورکیاوە هیچ کام لە وەزارەتەکانى وزەی تورکیا و نەوتی عێراق ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێک بۆ رۆیتەرز بدەن.
کۆمپانیای نەوتی باکوری عێراق بە رۆیتەرزی راگەیاندووە کۆمپانیای بۆتاشی تورکیا پێیگوتوون بۆرییەکانی گواستنەوە پێویستیان بە پشکنینی تەکنیکی زیاتر هەیە پێش ئەوەی هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە، لە چەند رۆژی داهاتووشدا تێبینییەکانی خۆی بۆ عێراق دەنێرێت.
سەرچاوەکەی رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشداوە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هەناردەی نەوت یەکسەر دەستپێبکاتەوە، بەڵکو بڕیارەکە پێویستی بە دانوستانی سیاسی هەیە. گوتیشی شاندێکی وەزارەتی وزەی تورکیا بەنیازبوون سەردانی بەغداد بکەن، بەڵام تائێستا رۆژی سەردانەکەیان دیاری نەکردووە.
ئەم هەوڵانە لە کاتێکدان کە بەهۆی هەڵبژاردنەکانی تورکیا و گفتوگۆکانی سۆمۆ و حکومەتی هەرێم، هەناردەی نەوتی هەرێم زیاتر دواکەوت. بەڵام دوای هەڵبژاردنەوەی سەرۆککۆماری تورکیا و پێکهێنانی کابینەی نوێی ئەو وڵاتە هیواکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت زیاتربوون.
یەکێک لەو کێشانەی کە تورکیا دەیەوێت گفتوگۆی لەبارەوە بکات پرسی ئەو بڕە پاریەیە کە وەک سزا دەبێت بیدات بە عێراق، جا بە کەمکردنەوە بێت یان نەهێشتنی.
رۆیتەرز دەڵێـت، پەسەندکردنی بودجەی عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە چەند مادە و بڕگەیەکی تێدایە کە ئابووری سەربەخۆی حکومەتی هەرێمی نەهێشتووە.
لە هەواڵەکەدا هاتووە حکومەتی هەرێم ئێستا پارەی کاشی کەمە و چاودێران دەڵین هەرێم هیچ رێگایەکی لەبردەمدا نەبوو جگە لە رازیبوون بە پرۆژەیاسای بودجە کە 153 ملیار دۆلارە و لەو بڕە هەرێمى کوردستان 12.67 لەسەدى بەردەکەوێت.