زووم، ئاژانسەکان
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە لە هێرشێکی موشەکیی روسیا بۆسەر شارێکی ناوەڕاستی ئۆکراین بەناوی گریڤی ریه، 10 هاوڵاتی کوژران و 28ى هاوڵاتیش برینداربوون، ئەوەش بەهۆی روخانی باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمییەوە بوو.
ئەم هێرشەی روسیا لەکاتێکدایە چەند رۆژێکە هێرشی پێچەوانەی ئۆکراین بۆ گرتنەوەی خاکە “داگیرکراوەکان”ـی دەستیپێکردووە و تاوەکو ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای ئۆکراین کۆنترۆڵکردنەوەی حەوت گوندی راگەیاندووە.
سەرەڕای ئەوەی روسیا لە ئێستادا لە بەرەکانی جەنگ لە دۆخی بەرگریی دایە، هێرشە موشەکییەکانی بۆسەر کییڤی پایتەخت بەردەوامە. لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، بەرپرسانی سەربازیی ئۆکراین رایانگەیاند، سیستمی بەرگریی شارەکەیان چالاککردووە بۆ ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا بەرپەرچ بدەنەوە.
لە بەرامبەردا تۆپبارانی ئۆکراین بۆسەر ناوچەکی کورسک لە رۆژهەڵاتی روسیا، لە نزیک سنوری ئۆکراین، بەردەوامە. بەگوێری پارێزگاری ئەو ناوچەیەی روسیا، بەهۆی تۆپبارانی ئۆکراینەوە چەندین خانوو زیانیان بەرکەوتووە و گاز و کارەبای دوو گوند پچراوە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، “لە ئێستادا شەڕەکە لە دۆخێکی سەختدایە، بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە، کە هێزەکانمان لە پێشڕەویدان.” بەڵام لەبارەی هێرشەکەی ئۆکراین، ئێمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، هێرشەکە چەندین مانگ دەخایەنێت.
هەفتەی رابردوو بەهۆی هەرەسهێنانی بەنداوێکەوە لە ئۆکراین، کە هەردوولا یەکتریی پێ تۆمەتبارد دەکەن زیانێکی زۆری ماددیی و کشتوکاڵیی بەر ئەو ناوچانەی ئۆکراین کەوتن کە دەکەونە سەر روباری دنیپرۆوە.
مارتین گریفیتس، بەرپرسی فریاگوزاری نەتەوەیەکگرتووەکان بە کەناڵی بی بی سی بەریتانی راگەیاندووە بەتاڵبوونەوەی ئاوی بەنداوەکە کاریگەریی گەورەی لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهانیی دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک. سەرەڕای ئەوەش روخانی بەنداوەکە کێشەی کەمئاویی بۆ سەدان هەزار کەس لەو وڵاتەدا دروستدەکات.