لە رووداوێکی دەگمەندا لە وڵاتی ئێکوادۆر، ژنێکی تەمەن 76 ساڵ، لە رێوڕەسمى بەخاکسپاردنیدا زیندوو دەبێتەوە، لەکاتێکدا بەگوێرەی راپۆرتى پزیشکى مردبوو.
ژنەکە پەرستارێکی خانەنشین بوو، رۆژى هەینى بەهۆی تێکچوونی تەندروستیی و توشبوونى بە جەڵتەی مێشک، گەیەندرایە نەخۆشخانە. لەکاتى چارەسەردا هیچ کاردانەوە و وەڵامێکی بۆ فریاگوزارییە سەرەتاییەکان نەبووە، هەربۆیە پزیشکى نەخۆشخانەکە بە کەسوکارەکەى راگەیاندبوو، کە لە ژیاندا نەماوە.
بە گێڕانەوەى کوڕەکەى، کە قسەى بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس کردووە، رووداوەکە بەمشێوەیە بووە؛ چەند کاتژمێرێک پاش گەیاندنی دایکى بە نەخۆشخانە، پزیشکەکان رایانگەیاندووە، مردووە، هەربۆیە بەڵگەو بەڕاوی مردنەکەیان بۆ دەرکردووە.
دوای بردنەوەی بۆ ماڵەوە بەمەبەستی ئامادەکاریی بۆ بەخاکسپاردنى، زیاتر لە 20 کەس لە خزم و نزیکەکانی لەگەڵیدابوون. پاش پێنج کاتژمێر لە راگەیاندنی مردنى هەستیان بە دەنگێک لەنێو تابووتەکە کردووە و بە دەستى لە تابووتەکە دەدات، کاتێک تابووتەکە دەکەنەوە دەبینین زیندووە، بەڵام بە ئەستەم هەناسە دەدات. “ئەمە شۆکى کردین، زۆر ترساین کاتێک بینیمان دایکم لە ژیاندا ماوە”.
کوڕەکەى گوتى، پاشان بەپەلە گەیاندمانەوە بە نەخۆشخانە و لەژێر چاودێری چڕ دانرا. بەڵام تاوەکو ئێستاش دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی ئێکوادۆر دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ پزیشکەکە و لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ ئەوەی لەو رووداوە دەگمەنە بکۆڵنەوە.
ئێکوادۆر وڵاتێکی بچووکە و دەکەوێتە باکوری رۆژئاوای ئەمریکای باشور. وڵاتێکی گەشتییارییە و دەکەوێتە سەر زەریای هێمن. بەشێکی روبەری دارستانەکانی ئەمازۆن دەکەونە سنورى وڵاتەکەوە.