لە تورکیا، بەگوێرەی ئامارێکی فەرمی، 74 هەزار کەس لە مانگی رابردوودا کارەکانیان لە دەستداوە و رێژەی بێکاری بۆ زیاتر لە 10٪ بەرز بووەتەوە.
دەزگای ئامارەکانی تورکیا کە دەزگایەکی فەرمی تورکیایە، ئامار و رێژەی بێکاری دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا بڵاوکردەوە.
دەزگای ئامارەکانی تورکیا دەڵێت، لەنێو گەنجاندا رێژەی بێکاری بە شێوەیەک بەرز بووەتەوە کە 74 هەزار کەس کارەکانیان لە دەستداوە و ژمارەی ئەو کەسانەی کە کارەکانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 585 هەزار کەس.
دەزگاکە دەڵێت، بەر لە هەڵبژاردنەکان رێژەی بێکاری لە خوار 10٪ەوە بووە، بەڵام لە ئیستادا بۆ رێژەی 10.2٪ بەرز بووەتەوە.
لە ئامارەکەدا دەڵێت، هێزی کار لە تورکیا زۆر بووە و گەیشتووەتە 35 ملیپم و 195 هەزار کەس، بەڵام رێژەی بێکاری لەنێو گەنجاندا زیاد بووە.
لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوی نێودەوڵەتی کار ئامارێکی لەبارەی کارکردنی منداڵان لە تورکیا بڵاوکردەوە. رێکخراوەکە رایگەیاندووە، لە تورکیا دوو ملیۆن منداڵ کار دەکەن، بەڵام لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین ژمارەی ئەو منداڵانەی کە کار دەکەن، دەگاتە پێنج ملیۆن منداڵ.
لە ئامارەکەدا هاتووە، 30.8٪ی منداڵان لە کەرتی کشتوکاڵ، 45.5٪ی منداڵان لە کەرتی خزمەتگوزاری و 23.7٪ی منداڵانیش لە کەرتی خزمەتگوزاریدا کار دەکەن.
رێکخراوی نێودەوڵەتی کار دەشڵێت، لە پێنج مانگی ئەمساڵدا، 11 منداڵ لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لە ساڵی 2002ەوە تاوەکو ئێستا، واتە لە سەردەمی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێداندا 868 منداڵ لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
نرخى دۆلار بەرزدەبێتەوە و نرخى سوتەمەنیش لە هەڵکشاندایە
زیادبوونی رێژەی بێکاری لە تورکیا لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ نرخی دۆلار جارێکی دیکە ریکۆردێکی نوێی تێپەڕاند. لە ئیستادا بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتە دوو هەزار و سێ سەد و 64 قوروش.
لەگەڵ بڵاوبونەوەی نرخی دۆلاریش، حکومەتی تورکیا بەهای سوتەمەنی لەسەر هاوڵاتیان زیاد کرد. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، لە سبەینێوە، نرخی لیترێک بەنزین دوو لیرە و 70 قوروش، گاز لیرەیەک و 37 قوروش و ئێڵ پی جی 67 قوروش زیاد دەبن.