زووم، ئاژانسەکان
ماوەی چەند رۆژێکە چالاکییە بورکانییەکانی شاخی مایۆن لە باکوری رۆژهەڵاتی پارێزگای ئەلبای وڵاتی فلیپین، دەستیپێکردووەتەوە. بەهۆی بورکانەکەوە، کە تیرەکەی شەش کیلۆمەترە، زیاتر لە شەش هەزار گوندنشین ناچاربوون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن.
بەرپرسانی فلیپین هۆشدارییاندا دەبێت هەزاران کەس لەو ناوچانەی کە مەترسیی هەمیشەییان لەسەرە، بگوازرێنەوە بۆ ناوچە سەلامەتەکان، مەترسییەکەش بۆ ئەو بارانە وەرزییانە دەگەڕێتەوە، کە ئەگەری هەیە لەناوچەی بورکانەکەدا ببارێت و گوندەکانی دەوروبەریی رابماڵێت.
ئەو خەڵکەی لە ناوچەکانی دەوروبەریی بورکانەکەدا دەژین، بەهۆی ترسەوە، بە جانتایەک لە جلوبەرگ و خۆراکەوە لەگەڵ منداڵەکانیاندا بەرەو ئەو ناوچانە دەرۆن، کە بۆ حاڵەتی فریاگوزاریی ئامادەکراون.
حکومەتی خۆجێیی ئەو ناوچەیە بەهۆی بورکانەکەوە دۆخی کارەساتی سروشتی راگەیاندووە، ئەمەش بەو مانایە دێت خەڵکی دەبێت بەناچاریی ماڵەکانیان چۆڵبکەن.
بەرپرسانى ناوچەکە رایانگەیاند، بەهۆی جۆگەلەی گەرم، گاز، داروپەردوو و بەردەوە کە لە قەدپاڵی چیاکەوە دێنە خوار، پێشبینی دەکرێت بورکانەکە بتەقێتەوە، کە مەترسییەکی زۆر بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دروستدەکات.
بورکانی مایۆن بە یەکێک لە چالاکترین بورکانەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت. دواهەمین جار کە تەقییەوە لە ساڵی 2018 بوو کە بووەهۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس لەو وڵاتەدا.
دۆخی ئەو گوندنشینانە بەشێوەیەکە، دوودڵن لە جێهێشتنی ماڵەکانیان، بەڵام بەشێکیان بەهۆی ئەوەی منداڵ، کەسانی بەتەمەن و خاوەن پێداویستی تایبەتیان هەیە، بێ دوو دڵی کەوتوونەتە ڕێ و ماڵەکانیان جێدەهێڵن.
بەهۆی ئەوەی فلیپین دەکەوێتە ناوچەی “ئەڵقەی ئاگرین” ئەو ناوچانەی دەکەونە کەناراوەکانی دەوری زەریای هێمن، کە لەوێدا پلێتەکانی ژێرزەویی بەیەکدەگەن، وڵاتەکە لەبارە بۆ هەر روداوێکی بومەلەرزە و بورکان. لە ساڵی 1991دا بورکانێک لە چیای پیناتوبۆ لەهەمان وڵاتدا تەقییەوە کە بە گەورەترین بورکانی سەدەی 20 دادەنرا و بووە هۆی کوشتنی سەدان کەس.