زووم، ئاژانسەکان
دوای هەرەسهێنانى بەنداوى کاخۆڤکاى ئۆکراین، لافاوێکی زۆر لەو ناوچانە دروستبوو، کە دەکەونە سەر روباری دنیپرۆوە. زۆری لافاوەکەوە داروپەرودویەکی زۆری لەگەڵ خۆید راپێچ کردە ئەو ناوچەیەی تێیدا روباری دنیپرۆ دەڕژێتە نێو دەریای رەشەوە، بەشێوەیەک لە زبڵدانێک و گۆڕستانی ئەو ئاژەڵانە دەچێت، کە بەهۆی لافاوەکەوە لەناوچوون.
وەزارەتی کاروباری ناوخۆی ئۆکراین رایگەیاند، لافاوەکە چەندین مین و تەقەمەنی بەرەو دەریاکە راماڵیوە و کەوتوونەتە کەنار دەریاکە. سەرەڕای ئەوەش سەربازانی سنور تێبینی ئەوەیان کردووە لە ناوچەکەدا لەناوچوونى بەکۆمەڵی ماسی بەدی دەکرێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو ئەو کارەساتانە دەرخەری وێرانکارییەکانی روسییان لە وڵاتەکەماندا و دەرئەنجامەکانی تێکدانی سروشت بەشێوەیەکی خراپ بەدی دەکرێت.
هەرەسهێنانى بەنداوەکە، کە روسیا و ئۆکراین یەکتریی پێ تۆمەتباردەکەن، بە یەکێک لە گەورەترین کارەساتی ژینگەیی و پیشەسازیی ئەوروپا دادەنرێت لەماوەی دەیەی رابردوودا. لافاوەکە گوندەکانی سەر روبارەکەی بەتەواوی خاپورکردووە، زەوییە کشتوکاڵییەکانی راماڵیوە و دەیان هەزار کەسی لە ئاوی خاوێن و کارەبا بێبەش کردووە، سەرەڕای ئەوەش، زیانی گەورەی بەر ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە.
کۆی گشتیی دوو هەزار و 699 کەس ئاوارەبوون، کە لە نێویاندا 178 منداڵ هەن و سەرجەمیان لە ناوچە سەلامەتەکانی خێرسۆندا نیشتەجێبوون.
بەرپرسانی ئەو ناوچانەی لافاوەکە زیانی پێگەیاندوون دەڵێن، لە هەندێک ناوچەدا ئاستی لافاوەکە نزیکەی چوار مەتر و نیو بەرزبووەتەوە، لە ئێساشدا 32 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و سێ هەزار و 784 خانوو و باڵەخانە هێشتا لەژێر ئاودان.
دوای سەردانێکی بۆ ئەو ناوچانەی کە زیانیان بەرکەوتووە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین داوای هاوکاریی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ دابینکردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ ئەو ناوچانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “روسیا نایەوێت هیچ هاوکارییەک بگەیەنێتە خەڵکی ئەو ناوچەنەی ژێر دەسەڵاتی خۆی کە لافاو زیانی پێگەیاندوون.”
وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، هەرەسى بەنداوەکە بەهۆى چەند هێرشێکی پلان بۆ دانراوی سوپای ئۆکراینەوە بووە. هێرشەکان بووەنە هۆی ئەوەی لێچوونی ئاوەکە کۆنترۆڵ نەکرێت تا رووداوەکەی بەدوای خۆیدا هێنا.