زووم:
هەناردەکردنی کاڵا و شتومەک لە تورکیاوە بۆ وڵاتانی کەنداو لە مانگی ئایاردا بە بەراورد بە مانگێک پێشتر لە 29% زیادی کردووە و بەهاکەى گەیشتووەتە یەک ملیار و 691 ملیۆن دۆلار. زۆرترین هەناردەی شتومەکیش لەنێو وڵاتانی کەنداو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بووە.
بەگوێرەى ئاماری ئەنجومەنی هەناردەکارانی تورکیا، هەناردەکردنی کاڵا و شتومەک لە تورکیاوە بۆ وڵاتان، بە بەراورد لەگەڵ مانگی ئایاری ساڵى رابردوو 14.4% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 21 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.
لەو قۆناغەدا هەناردەکردن لە تورکیاوە بۆ وڵاتانی کەنداو 29% زیادی کردووە و گەیشتووەتە یەک ملیار و 691 ملیۆن دۆلار.
ریزبەندی زۆرترین هەناردەکردنیش بەم جۆرە بووە:
▪️عێراق و هەرێمی کوردستان بە بەهای 817 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار.
▪️ئیمارات بە بەهای 360 ملیۆن دۆلار.
▪️سعودیە بە بەهای 155 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار.
▪️ئێران بە های 206 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار.
▪️قەتەر بە بەهای 55 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار.
▪️کوێت بە بەهای 46 ملیۆن دۆلار.
▪️عومان بە بەهای 24 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار.
▪️بەحرێن بە بەهای 13 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار.
ئەنجومەنى هەناردەکانى تورکیا رایگەیاندووە، بەگوێرەى رێژەیی، زۆرترین هەناردەکردن بۆ سعودیە بووە.
زۆرترین کاڵا و شتومەکی هەناردەکراوى تورکیا خشڵ بووە، کە بەهای 108 ملیۆن و 300 هەزار دۆلارە. پاشان هەناردەکردنی مادە کیمیایییەکان و بەرهەمەکانیان، جلوبەرگ، فەرش، کەلوپەلی ناوماڵ، خۆراک و کاغەز دێن.
لەو ماوەیەدا بە بەهای 180 ملیۆن دۆلار دانەوێڵە، پاقلەمەنی و تۆوە چەورەکان و بەرهەمەکانیان هەناردەى عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە.