زووم: ئاژانسەکان:
وڵاتانی ئەوروپا وەک ساڵانی رابردوو ڤیزای شنگن بە هاوڵاتیانی تورکیا نادەن و هۆکاری سەرەکی نەدانی ڤیزەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە هاوڵاتیانى وڵاتەکە دەیانەوێت تورکیا جێبهێڵن. تورکیاش وەک کارتى فشار دەیبینێت.
فەیروز باغلیکایا، سەرۆکی یەکێتی دەزگاکانی گەشتیاری تورکیا رایگەیاند: لە ساڵی 2022دا رێژەی رەتکردنەوەی ڤیزای شنگن بۆ هاوڵاتیانی تورکیا 15% بوو، بەڵام ئەمساڵ رێژەی بۆ 50% زیادى کردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، رۆژى 30ی ئایار، واتە دوو رۆژ پاش هەڵبژاردنەوەى بە سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: وڵاتانی ئەوروپا پرسی ڤیزای شنگن لەدژی تورکیا وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنن.
ماڵپەڕی شنگن ڤیزا، ئامارێکی لەبارەی پێدانی ڤیزای شنگن بە هاوڵاتیانی تورکیا بڵاوکردەوە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە. بەگوێرەی ئامارەکە وڵاتی ئەستۆنیا ساڵی 2022 لە کۆی هەزار و 517 داواکاری ڤیزای شنگن تەنیا 786 داواکاری قبوڵ کراوە، بەڵام ئەمساڵ لە هەر چوار داواکاری ڤیزە، سێ داواکاری رەتکراونەتەوە.
ماڵپەڕەکە ریزبەندى ئەو وڵاتانەى کردووە، کە داواکارى ڤیزاى بۆ هاوڵاتیانى تورکیا کردووە:
▪️فینلەندا لە 10 داواکاری ڤیزا چوار داواکاری رەتکردووەتەوە.
▪️بەلجیکا لە سێ داواکاری ڤیزا داواکاریەکى رەتکردووەتەوە.
▪️ئەڵمانیا، یۆنان و فەڕەنسا لە دوو داواکاری، داواکاریەکی رەتکردووەتەوە
▪️هاوڵاتیانی تورکیایان بۆ وەرگرتنی ڤیزای شنگن رەت کردووەتەوە.
لە هەر 100 داواکاری هاوڵاتیانی تورکیا بۆ وەرگرتنی ڤیزا 15 داواکاری رەتکراونەتەوە
بەگوێرەی ئاماری ماڵپەڕی شنگن ڤیزا، رەتکردنەوەی داواکاری ڤیزای شنگن لەلایەن ئیتاڵیاوە 10%، هۆڵەندا نزیکەی 20%، ئیسپانیا 10%، هەنگاریا 12%، لیتۆنیا 33%، لیتڤانیا 24%، نەمسا 20%، کۆماری چیک 18%، ماڵتا 15%، سویسرا 15%، سلۆڤینیا 15%، پورتوگال 11%، پۆڵۆنیا 10%، سلۆڤاکیا 9%، لوکسمبورگ 7% زیادی کردووە.
دامەزراوەی توێژینەوەی سیاسەتی ئابووری تورکیا رایگەیاند: بەگشتی وڵاتانی ئەوروپا و جیهان لە هەر 100 داواکاری هاوڵاتیانی تورکیا بۆ وەرگرتنی ڤیزا 15 داواکاری رەتکراونەتەوە.
ئانیتا هایپەر، گوتەبێژی کۆمسیۆنی ئەوروپا لە کۆنفڕانسی هەفتانەیدا لە وڵامی رۆژنامەنوساندا رایگەیاند: داواکاری ڤیزای شنگن لە هەموو جیهاندا زیادی کردووە و ئەمەش کاروبارەکان خاوتر دەکاتەوە و هیچ پەیوەندیەکی بە هاوڵاتیانی تورکیاوە نییە.
مارا پوتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە ئەنقەرە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئانادۆلۆ رایگەیاند: داواکاری ڤیزەی شنگن بۆ ئیتاڵیا لەلایەن هاوڵاتیانی تورکیاوە 100% زیادی کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان کەمترین داواکاریان رەتکردووەتەوە.
هەرچەندە، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا رەتکردنەوەی داواکاری ڤیزای شنگن بۆ کاروباری رۆتین و قەڕەباڵغی دەگەڕێننەوە، بەڵام میدیاکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن داواکاری مافی پەنابەری لەلایەن هاوڵاتیانی تورکیاوە زیادی کردووە و بەو هۆیەوە وڵاتانی ئەوروپا ترسیان لە شەپۆلێکی نوێ کۆچی یاسایی لە تورکیاوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا هەیە.