زووم، ئاژانسەکان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لەلایەن دادگای وڵاتەکەیەوە تۆمەتبارکراوە بەوەی چەندین فایلی نهێنی پەیوەندیدار بە چەکی ئەتۆمی و چەندین پرسی گرنگی دیکەی وڵاتەکەی بردووەتە دەرەوەی کۆشکی سپی و لە ماڵەکەی خۆیدا، لە گەرماوێکدا شاردوونیەتەوە.
لە دۆسیەکەدا، ترەمپ 37 تۆمەتی روبەڕوو کراوەتەوە. تۆمەتەکان تایبەتن بەوەی کە مەترسیی خستووەتە سەر ئەو فایلە نهێنییانەی دەبوو تەنها لە کۆشکی سپیدا بن، بەڵام ترەمپ بردوونیەتە ماڵەکەی خۆی لە فلۆریدا، سەرەڕای ئەوەش “درۆی” لەگەڵ لێکۆڵەرانی دۆسیەکەدا کردووە. هەربۆیە دادگای مەیامی لە فلۆریدا داوایکردووە رۆژی سێشەممە، ترەمپ لەبەردەم دادگادا ئامادەبێت. ئەو رۆژە بۆ ترەمپ جیاوازە، چونکە 77ـەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونێتى.
ترەمپ، کە دووبارە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024ی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید کردووەتەوە، نکۆڵی لەو تۆمەتانە دەکات و دەڵێت هیچ کارێکی هەڵەی نەکردووە.
دۆسیەکە 49 لاپەڕەیە، دەبێتە یەکەم تۆمەتبارکردنی فیدراڵیی کە لە دژی سەرۆکێکی پێشووی وڵاتەکەدا ئاراستەکرابێت. بەگوێرەى تۆمەتەکان، دۆناڵد ترەمپ فایلە نهێنییەکانی لە چەند بۆکسێکدا هەڵگرتوە، کە تایبەتن بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، توانا بەرگرییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی بیانیی، گرنگترین خاڵە لاوازەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە لە هەمبەر هێرشە سەربازییەکان و ئەو پلانانەی کە ئەمریکا دەیگرێتە بەر بۆ تۆڵەکردنەوەی هەر هێرشێک کە دەکرێتە سەر وڵاتەکە.
داواکارانی گشتیی وڵاتەکە راگەیاندووە، ئەوکاتەی ترەمپ نوسینگەی سەرۆکایەتی جێهێشتووە، نزیکەی 300 بەڵگەنامەی نهێنیی لەگەڵ خۆیدا بۆ ماڵەکەی خۆی پام بیچ لە کەناراوەکانی فلۆریدا بردووە. ئاماژەیان بەوەشکردووە، ترەمپ هەزاران کەسی بۆ ئەو ماڵەی بانگهێشتکردووە و بەشێک لە فایلەکانیش لە هۆڵیکی ئاهەنگگێڕانى نێو ماڵەکە دزۆراونەتەوە.
ئەوکاتەی لێکۆڵەرانی ئێف بی ئای، سەردانی ماڵەکەیان کردووە، ترەمپ پێی گوتوون رەنگە پارێزەرەکانی بەڵگەنامەکانیان شاردبێتەوە یان لەناویان بردبێتن. لە تۆمەتەکاندا هاتووە ترەمپ لە دوو بۆنەدا لەساڵی 2021دا بەڵگەنامەکانی نیشانی میوانەکانی داوە.
بەهۆی تۆمەتەکانەوە، ترەمپ زیندانی دەکرێت؟
بەشێک لەو تۆمەتانەی ئاراستەی ترەمپ کراون، سزای زیندانی 10 لەخۆ دەگرن. بەشێکی دیکەیان سزاکەیان 20 ساڵ زیندانییە. ئەوانەی تایبەتن بە گوتەی ناڕاست و زانیاریی هەڵە، سزای پێنج ساڵ زیندانی لەخۆدەگرن.
کارل تۆبیاس، پرۆفیسۆری بەشی یاسا لە زانکۆی ریچمۆند ڤێرجینیا، دەڵێت: “تۆمەتەکان زۆر جدیین و وردەکارییەکی باوەڕپێنەکراویان تێدایە، کە بەشێکیان زۆر مەترسیدارن.” پرسەکە پەیوەندیی بە بڕیاری دادوەرەکانەوە هەیە و ئەگەر تۆمەتەکان پشتڕاست بکرێتنەوە، دەکرێت ترەمپ چەند ساڵێک زیندانی بکرێت.
کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکەوە بڵاویکردەوە، خزمەتگوزاریی نهێنی ئەمریکا، کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەدا، ترەمپیان بینیوە و رایانگەیاندووە ترەمپ رۆژێک بەر لە دادگاییەکەدا لە مەیامی ئامادە دەبێت. بەڵام بەگوێرەی ئەو پرۆفیسۆرە، ترەمپ کەلەبچەی لەدەست ناکرێت، بەڵام وەک کەسێکی دەستبەسەر دەبێت و دەبرێتە هۆڵی دادگا بۆ ئەوەی لەبەردەم دادوەراندا ئامادەبێت.
لەبارەی کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، بەگوێرەى دەستوری ئەمریکا، هیچ شتێک نابێتە رێگر لەبەردەم خۆکاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، تەنانەت ئەگەر تۆمەتباریش بێت. بەڵام بەگوێرەی قسەی پرۆفیسۆرەکە، رەنگە دەنگدەران دووجار بیر بکەنەوە و جارێکی دیکە متمانەی پێنەدەنەوە.