زوووم، ئاژانسەکان
بڕیارە ئەمڕۆ ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا لە سەردانێکی فەمیدا لە کۆشکی سپی ئەمریکا لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە، بەمەبەستی کۆمەڵێک پرس، کە دیارترینیان دانانی کۆمەڵێک یاسا و رێسای تایبەتن بە بواری زیرەکی دەستکرد، بەشێوەیەک کە بەریتانیا ببێتە ناوەندیی سەرەکی جیهانیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسەدا.
لە سەردانەکەیدا، ئەمڕۆ، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا داوا لە ئەمریکا دەکات بەشداری بکات لەو لوتکەیەی کە بەنیازە لە پایزی ئەمساڵدا لەبارەی سەلامەتی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکردەوە، لە وڵاتەکەیدا رێکی بخات.
بەهۆی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد، لەم چەند مانگەی دواییدا، زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ترسی ئەوەیان لێ نیشتووە کە لە داهاتوودا زیرەکی دەستکرد دەست بەسەر مرۆڤایەتیدا بگرێت و لەکۆنترۆڵ دەربچێت. هەربۆیە بەریتانیا هەوڵی دەستپێشخەریی دەدات بەو ئاراستەیەیی کە بتوانن لە سەلامەتی و سێکیوریتی پێشکەوتنە خێراکانی تەکنەلۆژیا دڵنیا ببنەوە.
لە لوتکەکەدا، بەریتانیا حکومەت و کۆمپانیا گەورەکانی بواری تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد بانگهێشت دەکات بۆ ئەوەی ئەو رێکارانە دەستنیشان بکەن کە بۆ بەدیهێنانی سەلامەتی زیرەکی دەستکرد پێویستن.
لەبارەی ئەوەی کە ئایا لوتکەکە وەک کۆبوونەوەیەک بێت لە دژی چین و روسیا، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا رایگەیاند: “نەخێر ئەوە تایبەتە بە بواری تەکنەلۆژیا، کە زۆر بە توندیی و بە خێرایی گەشە دەکات، بەشێوەیەک خێراترە لەو لایەنانەی خۆیان دروستیان کردووە و ناتوانن پێشبینی بکەن.”
لەوبارەیەوە ریشی سوناک، بە کەناڵی بی بی سی بەریتانی راگەیاندووە: “پێموایە بەریتنای وڵاتێکی زۆر باشە بۆ ئەو دەستپێشخەرییە بۆ سازدانی گفتوگۆکان لەبارەی داهاتووی زیرەکی دەستکردەوە، چونکە ئێمە لەو بوارەدا زۆر بەهێزین.”
زیرەکی دەستکرد تەنکەلۆژیایەکی نوێیە کە لەرێگەی سیستمی کۆمپیوتەرییەوە توانای شیکردنەوەی داتا، تێگەیشتن لێیان، بڕیادردان لەسەریان و جێبەجێکردنی چەندین ئەرکە بەبێ ئەوەی مرۆڤ دەستی تێیدا هەبێت. سەرەڕای ئەوەش سود لەو داتایانە دەبینێت کە پێشتر ئەزموونی کردوون.
سەرڕای ئەوەی هێشتا زووە بزانرێت زیانەکانی چین، لە ئێستادا لە بەشێک لە وڵاتانی جیهان، کاریگەریی زۆری کردووەتە سەر کەمکردنەوەی هەلی کار لە هەندێک بواردا، هەربۆیە وڵاتانی جیهان لە هەوڵدان بەرەنگاریی زیانەکانی ئەو شەپۆلە نوێیەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا ببنەوە.