بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر کەمێک لەمەوبەر روونکردنەوەیەکى لەبارەى گیانلەدەستدانى ئەو هاوڵاتییە بڵاوکردەوە کە دوێنێ لە پاش دەستگیرکردنى گیانى لەدەستدا، ئاسایشى هەولێر دەڵێت لەدەرئەنجامی ڕاپۆرتی پزیشکی دادی دەرکەوت “زیرەک عەلی” بەهۆى جەڵتەى دڵەوە گیانی لەدەست داوە و هیچ ئاسەوارێکی لێدان و ئەشکنجەدان بەسەر لاشەکەیەوە نییە، ئەوە لەکاتێکدایە کەسوکارەکەى گومانیان لە مردنى ناوبراو هەیە.
ئاسایشی هەولێر لە روونکردنەوەکەدا ئاماژەى بەوەداوە، هاوڵاتی (زیرەک عەلی) پاش دەستگیرکردنى، لە بەڕێوەبەرایەتیی “ئاسایشی ناوشارباشور” باری تەندروستیی تێکچووە، دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانمانەوە بەپەلە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام گیانی لەدەستداوە، لەهەمانكاتدا خانەوادەكەیان لە گیانلەدەستدانی كوڕەكەیان ئاگادار كراونەتەوە.
ئاسایشى هەولێر دەشڵێت، لەسەر داوای خانەوادەکەى، تێمێکی پزیشکی دادی لە شاری سلێمانییەوە هاتن و بەشداربوون لە توێکاری و هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی. راشیگەیاندووە، ئامادەن هاوکاریی خانەوادەکەى و هەر لایەن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بکەن، ئەگەر بیانەوێت بەشداریی پرۆسەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بکەن، لە چۆنیەتیی گیان لەدەستدانی ئەو هاوڵاتییە.
زیرەک عەلی تەمەن 40 ساڵ، وەکو کەسوکارەکەى دەڵێن کوڕى شەهیدێکى یەکێتییە و نیوەڕۆى دوێنێ لەلایەن ئاسایشى هەولێرەوە دەستگیرکراوە، بەڵام پاش چەند کاتژمێرێک پەیوەندییان پێوە کراوە کە زیرەک گیانى لەدەستداوە و وەرن تەرمەکەى لە پزیشکى دادوەریی وەربگرنەوە. بەڵام ئەوان تەرمەکە وەرناگرنەوە و گومان لە مردنەکەى دەکەن، داوادەکەن لیژنەیەک لە پزیشکى دادوەریی سلێمانییەوە بێن و پشکنین بۆ تەرمەکە بکەن.
لەبارەى هۆکارى دەستگیرکردنى زیرەک عەلى، ئاسایشی هەولێر لە روونکردنەوەکەدا دەڵێت، دواى ئەوەى پێنجى ئەم مانگە ئاگادارکراینەوە کە هاوڵاتییەك بە ناوی (زیرەک عەلی محەمەد)، نیشتەجێی گەڕەكی (سێتاقان)، هێرشی كردووەتە سەر كۆمپانیایەك و ویستوویەتی بەزۆر پارە لەو كۆمپانیایە وەربگرێت، بۆیە دەستگیرکراوە، بەڵام کوڕەکەى بۆ زوومى گێڕایەوە شەوى پێش رووداوەکە باوکى لەگەڵ کەسێک تووشى دەمەقاڵێ بووە، نیوڕۆى رۆژى دواتر ئاسایش باوکیان دەستگیرکردووە بەتۆمەتى ئەوەى لە بەردەم دوکانەکەى تەجاوزى کردووە. کوڕەکەى دەپرسێت لەسەر مەقاڵێ و شەڕى دوو کەس بۆ دەبێت ئاسایش تەداخول بکات، لەکاتێکدا ئەوە کارى پۆلیسە.
هەر لەبارەى گیانلەدەستدانى زیرەک، بەرپرسى مەڵبەندى هەولێرى یەکێتى هاتە بەردەم مایکى کەناڵەکانى راگەیاندن و گوتى ئەو کەسەى گیانى لەدەستداوە ئەندام و کوڕى شەهیدێکى یەکێتییە و لەسەر دۆسیەکەى بێدەنگ نابن.
مەجید محەمەد ئەمین گوتیشى ئەگەر ئەنجومەنى دادوەریی و داواکارى گشتى و وەزارەتى ناوخۆى هەرێم وەڵامێکى بڕواپێکەریان نەدەنەوە راناوەستن و رەنگە دۆسیەکە ببن بۆ دادگاى تەمیزى بەغداد.
سەرەنجام پاش ئەوەى لیژنەى پزیشکى دادوەریی سلێمانى توێکارییان بۆ تەرمى زیرەیەک کرد، کەسوکارەکەى تەرمەکەیان وەرگرتەوە و بەخاکیان سپارد، هەرچەندە هێشتا ئەنجامى توێکارى لیژنەکەى سلێمانى بڵاونەکراوەتەوە.
ئەمە جارى یەکەم نییە لە هەرێمى کوردستان رووداوى گیانلەدەستدان پاش دەستگیرکردن تۆماردەکرێت، مانگى 11ى ساڵى رابردوو لە سلێمانى مێرمنداڵێک بەناوى سەهەند ئەحمەد لە بنکەى پۆلیسى سەرچنار گیانى لەدەستدا کە ماوەى دوو رۆژبوو تەوقیفکرابوو، لەوکاتەدا پۆلیس رایگەیاند، سەهەند لە بنکەی پۆلیسی سەرچنار هەڵاتووە و چەند کارمەندێکی پۆلیسیش دوای کەوتوون، لەکاتی هەڵهاتنەکەدا کەوتووە، بەڵام پارێزەرى دۆسیەکە گوتى پۆلیسەکان بە توندى لە سەهەندیان داوە.
کەسوکارەکەی سەهەند، گومانیان لە گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان هەبوو، هەربۆیە گۆڕەکەیان هەڵدایەوە بە مەبەستی ئەوەی پزیشکی داد دووبارە توێکاری بۆ تەرمەکە بکاتەوە، بەڵام راپۆرتى دووەمیش بە دڵى کەسوکارەکەى نەبوو، چونکە وەکو پارێزەرەکە گوتى لە راپۆرتەکەدا هاتبوو “سەهەند بەقەزاوقەدەر مردووە”.