زووم، رۆژنامەى چاینە دەیلى
دوای 10 ساڵ لە راگەیاندنی ‘دەستپێشخەری پشتێن و رێگای چین’ کە بە رێگای ئاوریشمی چین ناسراوە، کۆمپانیا چینییەکانی بەردەوامن لە بنیادنانی ئەو پرۆژانەی دەبنە هۆی بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن لە عێراقدا. دوایین پرۆەی ئەو وڵاتە لە عێراقدا لە هەرێمی کوردستانە، کە دوو هەفتە لەمەوبەر مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بەردی بناغەی پرۆژەکەی دانا.
دانانی بەردی بناغەی وێستگەی وزەی خۆری هەولێر، کە توانای بەرهەمهێنانی 25 مێگاوات کارەبای هەیە لە کاتژمێرێکدا، بە گەورەتین پرۆژەی بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن دادەنریت لە عێراقدا، کە کۆمپانیایەکی چینی جێبەجێی دەکات.
کۆمپانیای چینییەکە دەڵێت لە پلانیان دایە بەهۆی پرۆژەکەوە ساڵانە 220 ملیۆن کیلۆوات وزەی خاوێن لە هەرێمی کوردستان بەرهەم بهێنن. ئەمانەش بەشێکن لەو پلانانەی چین کە لە چوارچێوەی رێگای ئاوریشمی چیندا لە عێراق دەیانهێنێتەدی.
لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا چین وەک بەشێک لەو گرێبەستانەی چین کە لەگەڵ 151 وڵاتدا کردوونی، چەندین پرۆژەی کوالیتی بەرز لەبواری تەکنەلۆژیا و وەبەرهێنان لە عێراقدا ئەنجامداوە.
ژانگ روی، بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای هۆڵدینگ گروپی چینی بۆ دەستخستنی وزەی جیهانیی رایگەیاند، پرۆژەکەی بەرهەمهێنانی وزە لە تیشکی خۆر لە ماوەی 20 مانگدا تەواو دەبێت. پرۆژەکە وەک یەکێک لەو هەنگاوانەی چین دادەنرێت لە عێراقدا کە بۆ زیاتر پەرەپێدانی وزەی خاوێن لە بواری کرداریدا لەو وڵاتەدا هەنگاوی بۆ دەنرێت. بەمەش کاریگەریی بەرچاوەی دەبێت لەسەر گەشەسەندنی جێگیری ئابوری وڵاتەکە و باشترکردنی کوالیتی ژیانی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە.