تادێت ناڕەزاییەکان بەرامبەر رێنماییەکانی وەزارەتی رۆشنبیریی بۆ رێکخستنی کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان فراوانتردەبێت، لەو نێوەندەدا ئەمڕۆ سلێمانی بووە جێگەی کۆبوونەوەی ژمارەیەک رۆژنامەنووس و داکۆکیکار لە ئازادیی رادەربڕین، بە توندی دژی ئەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێم وەستانەوە و رێنماییەکانی وەزارەتی رۆشنبیرییان بە قۆناغێکی دیکەی سەرکوتکردنی ئازادییەکان وەسفکرد.
رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2023ی وەزارەتی رۆشنبیریی کە لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستاندا بڵاوکراوەتەوە، کۆتوبەندی زیاتری بۆ کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان داناوە، هەر لە دانانی مەرجی وەرگرتنی مۆڵەتەوە بۆ سانسۆرخستنە سەر ناوەرۆکی میدیایی، تاوەکو دەگات بە کردنەوەی لیستی رەش بۆ ئەو میدیایانەی سەرپێچی دەکەن. حکومەت خۆی کردووەتە خاوەنی ئازادیی رادەربڕین و هەر خۆی بۆی هەیە مۆڵەت بە کردنەوەی کەناڵی میدیایی بدات.
رۆژنامەنووسان و ئەوانەی داکۆکی لە ئازادیی رادەربڕین دەکەن، بەلایانەوە جێگەی سەرسوڕمانە رێنماییەکی لەو شێوەیە دەرکراوە، تەنانەت نازانن لەکوێوە باسی بکەن و لە کام خاڵەوە دەست بە رەخنەگرتن بکەن
یەکێک لە رەخنە بنچینەییەکان لەم رێنماییانە ئەوەیە کە لە زۆر شوێندا دژ بە یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە 35ی ساڵی 2007ە، لەکاتێکدا رێنماییەکان دەبێت لەبەر رۆشنایی یاساکاندا دەربچن.
لەم قۆناغە تازەیەی سەرکوتکردنی ئازادیی رادەربڕیندا، سانسۆر و مۆنیتەرینگ لەسەر میدیا دانراوە، سەرباری ئەوەی رستە و دەستەواژەکان لاستیکین و خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرن، بەڵام میدیا مەحکومە بەوەی لێیان لانەدات، تاوەکو نەکەوێتە بەردەم مەترسیی راگرتن و نەخرێتە لیستی رەشەوە.
رێنماییەکەی وەزارەتی رۆشنبیریی 22 خاڵی نووسیوە لەسەر لایەنی کوالێتی و ناوەرۆکی راگەیاندن و کردوویەتی بە مەرج بەسەر میدیای بیستراو و بینراو، لە هەندێکیاندا دەستەواژەی لاستیکی تێدایە و خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرن و لە لایەکی دیکەش سنوورەکانی ئازادیی رادەربڕین بەرتەسک دەکەنەوە، بۆ نموونە ئاسایشی نیشتمانی، بەرژەوەندیی گشتیی، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، تێکدانی شیرازەی خێزان، دوورکەوتنەوە لەو کارە میدیاییانەی دەبنە هۆی قەیرانی ئابووریی و شڵەژاندنی بازاڕە ناوخۆییەکان، ناوزڕاندن، پێشێلی ئازادیی کەسەکان، لە یەکێک لە خاڵەکانیشدا ئاماژەیەکی دیکەی مەترسیدار خراوەتەڕوو، وەزارەتی رۆشنبیریی رۆژنامەنووسان ئاگاداردەکاتەوە کە لەداهاتوودا “پێوەرەکانی ناوەرۆکی میدیایی” لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە دەردەچێت و پاش بڵاوکردنەوەی رۆژنامەی وەقایع پێویستە هەمووان پابەندبن پێوەی.