سبەینێ لە تورکیا جارێکى دیکە دەنگدانە، بەڵام دەنگدانى ئەمجارە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمانى تورکیایە، پارتەکەى ئەردۆغان چانسى لە هەمووان زیاترە هەرچەندە پێشبینى دەکرێت لە سەرەتادا روبەڕوى ئاستەنگ ببێتەوە.
نوعمان کورتولموش، جێگرى سەرۆکى پارتى داد و گەشەپێدان ئاکەپە کە هاوکات پەرلەمانتاری ئەستەنبوڵی پارتەکەیە، لەلایەن هاوپەیمانێتى کۆمارەوە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندیدکراوە.
دەستەی گشتی پەرلەمانی تورکیا سبەینێ چوارشەممە ٧ی حوزەیران بە سەرۆکایەتی، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی کاتی پەرلەمان کۆدەبێتەوە. لە کۆبونەوەکەدا دەنگ لەسەر سەرۆکی نوێی پەرلەمان دەدرێت.
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی تورکیا، ئەگەر لە دوو خولی دەنگدانی پەرلەماندا هیچ کاندیدێک نەیتوانی 400 دەنگ بەدەست بهێنێت، بۆ سێیەمجار هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێتەوە و لە خولی سێیەمدا کاندیدەکان پێویستە لەکۆى 600 دەنگ، 301 دەنگ بە دەست بهێنن. بەڵام لە خولی دووەمیشدا ئەگەر کاندیدەکان دەنگی پێویستیان بە دەست نەهێنا، دوو کاندیدی یەکەم و دووەم سەردەکەون و لە خولی چوارەمدا هەر کاندیدێک زۆرترین دەنگی بەدەست هێنا دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان.
بەگوێرەى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى تورکیا کە 14ى ئایارى رابردوو بەڕێوەچوو، هاوپەیمانێتى کۆمار واتە “ئاکەپە – مەهەپە – پارتی رەفاحی نوێ” خاوەنى 322 کورسی پەرلەمانن، بەو پێیەش بێت پێناچێت لە خولی یەکەم و دووەمی دەنگداندا کاندیدەکەی دەسەڵات سەربکەوێت، بەڵام لە خولی سێیەمدا، کاندیدەکان پێویستیان بە 301 دەنگ هەیە و بەم شێوەیە کاندیدی دەسەڵات دەبێتە سەرۆکى پەرلەمانى تورکیا.
پاش هەفتەیەک لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاری دەکرێت. دواتریش جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان دیاری دەکرێن کە لە سێ جێگر پێکدێن و بەگوێرەی ئیستیحاقى هەڵبژاردن دابەشدەکرێت، بەوپێیەش جێگرە لە ئاکەپە، جەهەپە و پارتی چەپی سەوز پێک دێن.
عەبدوڵڵا گولەر سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکەپە و ئەرکان ئاکچای سەرۆکی فراکسیۆنی مەهەپە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایانگەیاند، بە فەرمی پێشنیازی خۆیان رادەستی محەمەد عەلی کومبوزئۆغلۆ سکرتێری گشتی پەرلەمانی تورکیا کردووە کە رێککەوتوون و نەعمان کورتولموش پەرلەمانتاری ئەستەنبوڵی ئاکەپەیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندید کردووە.
عەبدوڵلا گولەر باسی لەوە کرد، ئاکەپە و مەهەپە بە تەواوی متمانەیان بە نەعمان کورتولموش هەیە کە ئەرکی سەرۆکی پەرلەمان لە ئەستۆ بگرێت.
لەلایەکی دیکەوە، پارتی چەپی سەوز رایگەیاند کە سری سورەیا ئوندەر پەرلەمانتاری پارتەکە، دەکەنە جێگری سێیەمی سەرۆکی پەرلەمان کە ئەو پۆستە بەگوێرەی یاسا، بەر پارتی چەپی سەوز دەکەوێت.