پەرلەمانى عێراق کۆتایی بە چاوەڕوانییەکان هێنا و دواجار کاتى ئەو دانیشتنەى دیاریکرد کە بڕیارە گەورەترین بودجەى لە مێژووى عێراقدا تێدا پەسەندبکرێت، بەڵام هێشتا خاڵە ناکۆکەکانى تایبەت پشکى هەرێمى کوردستان وەکو خۆیان ماون، بڕیارە پێش دانیشتنەکەى پەرلەمان لیژنەى دارایی کۆبوونەوەیەکى چارەنووسساز لەوبارەیەوە ئەنجام بدات.
ئەمڕۆ پەرلەمانى عێراق بەرنامەى کارى دانیشتنى رۆژى پێنجشەممەى داهاتووى بڵاوکردەوە کە تەنها لە یەک خاڵ پێکهاتووە، ئەویش دەنگدانە لەسەر پرۆژەیاساى بودجەى عێراق بۆ ساڵەکانى 2023 و 24 و 25، دانیشتنەکەش کاتژمێر یەکى پاشنیوەڕۆ دەستپێدەکات.
دانیشتنى دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساى بودجە، بڕیاربوو 27ى مانگى رابردوو بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆى ناڕەزایەتییەکانى کورد لەو گۆڕانکارییانەى کە لیژنەى دارایی لە مادەکانى تایبەت بە هەرێمى کوردستان کردى دانیشتنەکە دواخرا.
هەرچەندە نزیکەى دوو هەفتەیە بەهۆى ناکۆکییەکانى پەیوەست بە پشکى هەرێم پرۆژەیاساى بودجەى عێراق دواکەوتووە، بەڵام پێناچێت لەماوەى ئەم دوو هەفتەیەدا کارێکى ئەوتۆ کرابێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، چونکە ئێستا کە کەمتر لە 48 کاتژمێر بۆ دانیشتنەکەى پەرلەمان ماوە، هێشتا ناکۆکییەکان وەکو خۆیانن و فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئومێدەوارن لە کاتژمێرەکانى داهاتوودا ئەنجامى دڵخۆشکەر بەدەستبهێنن.
ڤیان سەبرى سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پەرلەمانى عێراق بە زوومى گوت، دانوستان لەبارەى مادەکانى تایبەت بە هەرێم بەردەوامە، فوئاد حسێن لە لایەنى هەرێمى کوردستان و هادى عامرى لە لایەنى چوارچێوەى هەماهەنگى سەرۆکایەتى دانوستانەکان دەکەن.
ڤیان سەبرى گوتیشى هەر گۆڕانکارییەک بکرێت دەهێنرێتە لیژنەى دارایی و دەنگدانى لەسەر دەکرێت، ئەوە لەکاتێکدایە بڕیارە پێش دانیشتنەکەى رۆژى پێنجشەممە، لیژنەى دارایی کۆبوونەوەیەکى چارەنووسساز بکات و دەنگدانى کۆتایی لەسەر پرۆژەیاساکە بکرێت، لەوێ دەردەکەوێت کە ماددەکانى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان چۆن دەبێت.
لە پرۆژەیاساى بودجەى گشتى عێراقدا سێ مادە تایبەتن بە هەرێمى کوردستان ئەوانیش مادەکانى 12، 13 و 14. ن هەرزوو مادەى 12 وەکو “بۆمبێکى تەوقیتکراو” وەسفکرا کە لە بڕگەیەکیدا دەیگوت “نابێت پشکى هەرێمى کوردستان زیاتر بێت لە داهاتى نەوت و خاڵە سنوورییەکانى” بەڵام پاش ناڕەزایی هەرێم ئەو بڕگەیە لابرا.
بەڵام دواتر مادەکانى تایبەت بە هەرێمى کوردستان کێشەى گەورەتریان بۆ دروستبوو، 25ى مانگى رابردوو لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە دانیشتنێکدا گۆڕانکارى زۆرى لە مادەکانى 13 و 14 دا کرد و چەندین بڕگەیان بۆ زیادکرد، تا ئەو رادەیەى بەشێک لە ئەندامە کوردەکان گۆڕانکارییەکانیان بە “کودەتا” وەسفکرد.
لەو دانیشتنەدا ناکۆکییەکانى نێوان یەکێتى و پارتى رەنگى دایەوە، هەرچەندە نوێنەرى پارتى لە لیژنەى دارایی بایکۆتى دانیشتنەکەى کرد، بەڵام نوێنەرەکەى یەکێتى مایەوە و لەسەر پێشنیازى ئەوان چەند مادەیەک بۆ پرۆژەیاساکە زیادکرا.
سۆران عومەر پەرلەمانتارى عێراق بە زوومى گوت هەرچەندە پرۆژەیاساى بودجە ئاستەنگى زۆرى لە بەردەمە، بەڵام ئومێدەوارن لە دانیشتنەکەى رۆژى پێنجشەممەدا پەسەند بکرێت.
ئەو بڕگانەى کە لە دایشتنەکەى لیژنەى دارایی بۆ مادەکانى تایبەت بە پشکى هەرێم زیادکران، لە زۆربەیاندا ناکۆکى خستە نێوان یەکێتى و پارتییەوە، یەکێک لەوانە ئەو خاڵە بوو کە دەیگوت ئەگەر هەر پارێزگایەکى هەرێم ناڕازیی بوو لە دابینکردنى شایستە داراییەکانى لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە، ئەوا پارێزگاى ناڕازیی دەتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد مامەڵە بکات.
یەکێکى دیکە لە خاڵە زیادکراوەکان کە ناکۆکى و مشتومڕى لێکەوتەوە گەڕانەوەى 10%ى پاشکەوتى موچە بوو، یەکێتى و نەوەى نوێ و یەکگرتوو خۆیان بە خاوەنى ئەم پێشنیازە دەزانن، بەڵام نازانرێت چارەنووسى ئەم بڕگەیە لە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەى لیژنەى دارایی و دانیشتنەکەى رۆژى پێنجشەممەى پەرلەمان چى لێ بەسەر دێت.
نەرمین مەعروف ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە پشکى یەکێتى بە زوومى گوت، بەدڵنیاییەوە هەر شتێک لە بەرژەوەندی هەرێمى کوردستان نەبێت هەوڵ دەدەین رێگری لێ بکەین و دەنگی پێ نادەین.
سەبارى نیگەرانى و ناڕەزایەتییەکانى کورد، بەڵام پێناچێت لەوە زیاتر پرۆژەیاساى بودجەى عێراق دوابخرێت، رۆژنامەى “مەدا” کە رۆژنامەیەکى رۆژانەیە و لە عێراق دەردەچێت، لە ژمارەى ئەمڕۆیدا بڵاویکردوەوە باڵێکى چوارچێوەى هەماهەنگى فشار دەکات بۆ تێپەڕاندنى بودجە بە “زۆرینە” و پشتگوێخستنى ناڕەزایەتییەکانى کورد.