زووم، ئاژانسەکان:
بەگوێرەى توێژینەوەیەکی زانستی لە زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی دەرکەوتووە ئەو منداڵانەی شیری دایک دەخۆن، لە قۆناغەکانى خوێندندا نمرەی بەرزتر بەدەستدەهێنن لەچاو ئەو کەسانەى کەمتر شیری دایکیان پێدراوە.
توێژینەوەکە لە ئینگلتەرا لەسەر نزیکەی پێنج هەزار کەس ئەنجامدراوە کە تەمەنیان لە نێوان 23 بۆ 21 ساڵیدایە، دەرکەوتووە ئەوانەى لە تەمەنی منداڵیدا لانیکەم ساڵێک شیری دایکیان بە بەردەوامیی پێدراوە، بەرێژەی لەسەدا 38 نمرەی زیاتر دەهێنن وەکو لەوانەی کە شیری دایکیان پێنەدراوە.
توێژینەوەکە نمرەی وانەکانی زمانی ئینگلیزی و بیرکاری وەکو سامپڵ وەرگرتووە و دەریدەخات تەنانەت ئەو منداڵانەی کە بۆ ماوەی چوار مانگ شیری دایکیان پێدراوە، لەو تەمەنەدا رێژەی نمرەکانیان لەسەدا 12 بەرزترە لەوانەی کە شیری دایکیان نەخواردووە.
بەهۆی ئەوەی لە توێژینەوەکانی پێشوودا رەچاوی درێژی ماوەی پێدانی شیری دایک و پەیوەندی لەگەڵ قوتابخانە و پەروەردەدا نەکرابوو، چەندین توێژینەوە لەبارەی سودەکانی شیری دایک رەخنەی لێدەگیرا.
بەڵام توێژینەوە تازەکە لە پەیوەندی نێوان ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی قوتابخانە و پێدانی شیری دایکی کۆڵیوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی بەشێکی توێژینەوەکە تیشکی خستووەتە سەر باری دارایی دایبابی منداڵەکان، پیشەکانیان و ئاستی خوێندەوارییان، بەڵام ئەوەی کە جیاوازەییەکەی دەرخستووە تەنها پێدانی شیری دایک بووە.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستیی “ئەرشیفی نەخۆشییەکان لە منداڵییدا” بڵاوکراوەتەوە و لەسەر 4,940 لەدایکبووی ساڵانی 2000 بۆ 2002 ئەنجامدراوە. بەگوێرەى توێژینەوەکە، یەک لەسەر سێی بەشداربووەکان شیری دایکیان پێ نەدراوە. ئەوانی دیکەش بەپێی ماوەی پێدانی شیری دایکیان لە دوو مانگەوە بۆ سەرووی یەک ساڵ پۆلێنکراون.