زووم، ئاژانسەکان:
ریشى سوناک، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا دەڵێت، کە وتم “بەلەمەکان دەوستێنم” تەنها قسە نەبوو، ئەوەتا ئەمڕۆ دەبینین هاتنى کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە رێژەى لەسەدا 20 کەمیکردووە. سوناک داواش لە پەرلەمان دەکات پەلەبکات لە پەسەندکردنى “یاسای کۆچبەریی نایاسایی” کە رێگە دەدات دەستبەجێ کۆچبەرانى تازەگەیشتوو دەستگیربکرێن و دیپۆرتى وڵاتەکانی خۆیان یان وڵاتی سێیەم بکرێنەوە.
سوناک کە خۆى نەوەى کەسێکى کۆچبەرى بە رەچەڵەک هیندییە، لەسەرەتای دەستبەکاربوونیدا وەکو سەرۆکوەزیرانى تازەى بەریتانیا لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، بەڵێنی دابوو هاتنی کۆچبەران لەڕێگەی بەلەمەوە بۆ بەریتانیا بوەستێنێت.
پاش تێپەڕینى شەش مانگ بەسەر ئەو بەڵێنەدا، سوناک ریگەیاند، پلانەکەى کاریگەری باشی هەبووە و لەوەتەى ئەو لە پۆستی سەرۆکوەزیران دەستبەکاربووە، هاتنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرێژەى لەسەدا 20 کەمیکردووە.
سوناک ئاماژەی بەوەشکرد، پلانەکە بەردەوام دەبێت و هێشتا ئەنجامەکان لە ئاست چاوەڕوانی حکومەتدا نین، بەڵکو هەوڵى جدى دەدەن بۆ ئەوەی پەرلەمانیش هەنگاو بنێت و یاسای تازە دەربکات.
ئەم ئەنجامە بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی کۆچبەریی، رەنگە کەمێک لە رەخنەکانی سەر کابینەکەی سوناک کەم بکاتەوە، پێشتر پارتی کرێکاران، کە پارتی ئۆپۆزسیۆنە، لەبارەی سیاسەتی کۆچبەرانەوە رەخنەی توندى لە حکومەت دەگرت.
پارتى کرێکاران دەیگوت، حکومەتەکەی سوناک شکستیهێناوە لەوەی دۆسیەی کەڵەکەبووی حەوت و هەزار و 600 پەناخوازی وڵاتەکەی، کە تەنها لەمساڵدا گەیشتوونەتە بەریتانیا یەکلابکاتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە پێشبینی دەکرێت لە مانگەکانی هاوینی ئەمساڵدا ئەو ژمارەیە بەرزتر ببێتەوە.
کۆچبەران لەڕێگەی سنورە ئاوییەکانی باشورەوە دەگەنە بەریتانیا، حکومەت ماوەیەکی دورودرێژە لە هەوڵدایە تاوەکو هاتنیان کەمبکاتەوە، ریشی سوناک سورە لەسەر پلانەکەی کە تایبەتە بە رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بۆ کەمکردنەوەی رێژەی هاتنی کۆچبەران بۆ وڵاتەکانیان.
یەکێک لە رێوشوێنانە توندەکانى حکومەتەکەى سوناک دژى کۆچبەران، رەتکردنەوەى زۆرینەى کەیسەکانى داواکارى مافى مانەوەیە، سوناک ئاشکرایدەکات ئێستا لەکۆی 50 کەیسی پەناخوازیی تەنها یەک دانەیان مافى مانەوە وەردەگرێت، لەکاتێکدا پێشتر لە هەر پێنج کەیسێک، یەکێکیان رەزامەندیی مانەوەی لەو وڵاتەدا وەردەگرت.
سوناک دەڵێت، “سیاسەتەکەم زۆر روونە” ئەوە بەریتانیایە بڕیاردەدات کێ دێت بۆ ئێرە، نەک باندە تاوانکارییەکان، ئەوەی پێویست بێت بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە دەیکەم، پێشتر وتم کە بەلەمەکان دەوستێنم، مەبەستەکەشم هەر ئەوەبوو “نەک بەس قسە”.
زۆرینەی ئەو کەسانەى وەکو کۆچبەر روو لە بەریتانیا دەکەن خەڵکی ئەلبانیان، بەڵام سوناک ئاشکرایدەکات، رێژەى هاتنی کۆچبەران لە ئەلبانیاوە بۆ بەریتانیا بەرێژەی لەسەدا 90 کەمیکردووە.
ئێستا لە پەرلەمانى بەریتانیا پرسى کۆچبەران بابەتێکى گەرمە و پەرلەمانتاران گفتوگۆ لەبارەى پرۆژەیاسایەک دەکەن بەناوى “یاسای کۆچبەریی نایاسایی”، ریشى سوناکى سەرۆکوەزیرانیش داوا لە پەرلەمان دەکات پەلەبکات لە پەسەندکردنى پرۆژەیاساکە، کە رێگەدەدات دەستبەجێ ئەو کۆچبەرانە دەستگیربکرێن کە لەرێگەی بەلەمەوە دەگەنە وڵاتەکە و دواتریش بۆ وڵاتەکانی خۆیان، یان وڵاتی سێیەم وەک رواندا دیپۆرت بکرێنەوە.