زووم:
تازەترین ژمارەی وەقایعی کوردستان کە رۆژنامەی رەسمیی هەرێمی کوردستانە و وەزارەتی داد دەریدەکات، هەواڵی ناخۆشی بۆ رۆژنامەنووسان پێ بوو، بە جۆرێک داکۆکیکاران لە ئازادیی رادەربڕین بە کودەتا وەسفی دەکەن و دەڵێن “ئەمە ئینقلابە بەسەر یاسای رۆژنامەگەریدا”.
وەقایعی کوردستان رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2023ی بڵاوکردووەتەوە، کە تایبەتە بە کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان و لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە دەرکراوە. ئەم رێنماییانە ژنیگەی کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناغێکی دیکەوە.
رێنماییە تازەکانی وەزارەتی رۆشنبیریی وەکو شۆکێک ژینگەی میدیایی هەرێمی کوردستانی هەژاندووە. دەنگی ناڕەزایی دژی رێنماییەکان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پڕ کردووە.
یەکێک لە رەخنە بنەڕەتییەکان پەیوەندیی بە چۆنێتیی مامەڵەکردنەوە هەیە لەگەڵ میدیای ئەلیکترۆنی، هەر ئەمەیە کە رەخنەگران بە کودەتا وەسفیدەکەن. بەگوێرەی رێنماییە تازەکەی وەزارەتی رۆشنبیریی ئەگەر بتەوێت میدیایەکی ئەلیکترۆنی دابمەزرێنیت پێویستت بەوەیە حکومەت مۆڵەتت پێ بدات، ئەمەش دژی یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی یاسای رۆژنامەگەریی ساڵی 2007ە، کە جەخت لە تۆمارکردنی میدیا دەکاتەوە نەوەکو وەرگرتنی مۆڵەت. مەترسیی ئەم رێنماییە ئەوەیە کە ئەگەر بابەتەکە بوو بە وەرگرتنی مۆڵەت ئەوا ئەگەر لە ئارادایە کە مۆڵەتت نەدرێتێ، کەواتە حکومەت خۆی دەکات بە خاوەنی ئازادیی رادەربڕین و کردنەوەی میدیای تازە بە ویستی ئەو دەبێت. ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر میدیای ئەلیکترۆنی ئاسانتر و لە رێگەی سەندیکای رۆژنامەنووسانەوە تۆمار دەکرا و دەستی بە پەخش دەکرد.
رێنماییە تازەکانی وەزارەتی رۆشنبیریی، رۆتینات و رێگەیەکی درێژی بۆ وەرگرتنی مۆڵەت دروستکردووە. هەر لە وەزارەتی رۆشنبیرییەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و دەستەی ژینگە.
ئەمە تاکە سیما و خاڵی جیاکەرەوەی قۆناغەکە نابێت، بەڵکو رێنماییەکە خاڵی دیکەی تێدایە کە بەبڕوای داکۆکیکاران لە ئازادیی رادەربڕین “مەترسیی گەورەن”، بۆنموونە دروستکردنی “لیستی رەش” بۆ میدیاکان، لەکاتێکدا ئەگەر سەرپێچی لە رێنماییەکانی بڵاوکردنەوە بکەن و خۆیان لەگەڵ حوکمەکاندا نەگونجێنن.
لەمەودوا ئەگەر میدیایەک سەرپێچییەکی کرد و دووبارەی کردەوە، ئەوا حکومەت مافی ئەوەی هەیە بەشێوەیەکی کاتی رایبگرێت و بۆیشی هەیە ماوەی راگرتنەکەیشی درێژبکاتەوە، تاوەکو دەگات بەوەی بیخاتە لیستی رەشەوە و رێگە بە هیچ دامودەزگایەکی حکومی نەدات کە مامەڵەی لەگەڵ بکات. ئەمە لەکاتێکدا بە گوێرەی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 کەس بۆی نەبوو رۆژنامە قەدەغە بکات و دەستی بەسەردا بگرێت، ئەمەش کودەتای دووەمە.
لەم قۆناغە تازەیەی سەرکوتکردنی ئازادیی رادەربڕیندا، سانسۆر و مۆنیتەرینگ لەسەر میدیا دانراوە، سەرباری ئەوەی رستە و دەستەواژەکان لاستیکین و خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرن، بەڵام میدیا مەحکومە بەوەی لێیان لانەدات، تاوەکو نەکەوێتە بەردەم مەترسیی راگرتن و نەخرێتە لیستی رەشەوە.
رێنماییەکەی وەزارەتی رۆشنبیریی 22 خاڵی نووسیوە لەسەر لایەنی کوالێتی و ناوەرۆکی راگەیاندن و کردوویەتی بە مەرج بەسەر میدیای بیستراو و بینراو، لە هەندێکیاندا دەستەواژەی لاستیکی تێدایە و خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرن و لە لایەکی دیکەش سنوورەکانی ئازادیی رادەربڕین بەرتەسک دەکەنەوە، بۆ نموونە ئاسایشی نیشتمانی، بەرژەوەندیی گشتیی، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، تێکدانی شیرازەی خێزان، دوورکەوتنەوە لەو کارە میدیاییانەی دەبنە هۆی قەیرانی ئابووریی و شڵەژاندنی بازاڕە ناوخۆییەکان، ناوزڕاندن، پێشێلی ئازادیی کەسەکان، لە یەکێک لە خاڵەکانیشدا ئاماژەیەکی دیکەی مەترسیدار خراوەتەڕوو، وەزارەتی رۆشنبیریی رۆژنامەنووسان ئاگاداردەکاتەوە کە لەداهاتوودا “پێوەرەکانی ناوەرۆکی میدیایی” لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە دەردەچێت و پاش بڵاوکردنەوەی رۆژنامەی وەقایع پێویستە هەمووان پابەندبن پێوەی. رەنگە مەترسییەکە ئەوە بێت کە نازانرێت ئەو پێوەرانە چۆن دەبن و لەلایەن کێوە دەنووسرێنەوە، لەکاتێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی دەریاندەکات کە فەرمانگەیەکی حکومییە و لەم نێوەندەدا پەرلەمان رۆڵی نابێت.