لە تورکیا هەڵبژاردن کۆتاییهات، سەرۆککۆمار سوێندى یاسایی خوارد و کابینەی تازەش پێکهێنرا، بەڵام ئەوەى کۆتایی نەهات و زیاتریش بووە کێشەى ئابورییە.
قەیرانى ئابورى لە دیارترین دروشمەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بوو، ئەردۆغانیش پەنای بۆ محەمەد شیمشەک برد و وەزارەتی گەنجینە و دارایی پێدا، بۆ ئەوەی وڵات لە قەیرانی ئابوری رزگار بکەن، بەڵام گرانی بازار، لەدەستدانی بەهای لیرە و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان رۆژ بە رۆژ زیاتر هەڕەشە لە هاوڵاتیانی تورکیا دەکات و ئەم چەند رۆژەى دواییش زیاتربووە.
ئەمڕۆ لیرەی تورکی ریکۆردێکی تازەى لە دابەزین تۆمارکرد، بەهای 100 دۆلار گەیشتە 22 هەزار و 28 لیرە، کە لە مێژووی کۆماری تورکیادا بەم ئەندازەیە دراوی وڵات بێبەها نەبووە.
هەر ئەمڕۆ دامەزراوەی ئامارەکانی تورکیا و گروپی لێکۆلینەوەی هەڵاوسانی تورکیا کە دوو دەزگای دژ بەیەکن بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانیان رێژەی هەڵاوسانیان ئاشکرا کرد.
دامەزراوەی ئامارەکانی تورکیا کە سەر بە حکومەتەکە رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی غازی سروشتی بێبەرامبەر بە هاوڵاتیان دراوە، رێژەی هەڵاوسان بۆ رێژەی خوار 40٪ دابەزیوە. بەڵام گروپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسانی تورکیا، کە سەر بە ئۆپۆزسیۆنە دەڵێت، لە ئیستادا رێژەی هەڵاوسانی رێژەی 109٪ی تێپەڕاندووە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکانی تورکیا، پێویستە کەمترین موچە کە خانەوادەیەکی چوار کەسی بتوانن پێی بژین، زیاتر لە 12 هەزار لیرە بێت، بەڵام لە مانگی ئایاردا 11 هەزار و 848 لیرەی بە کارمەندە ئاساییەکان داوە کە دەکاتە 560 دۆلار.
ئەردۆغان بەر لە هەڵبژاردن بەڵێنی بە هاوڵاتیان دابوو کە کەمترین موچە بۆ 22 هەزار لیرە بەرز بکاتەوە، واتە موچەی هیچ کارمەندێک لە 1000 دۆلار کەمتر نەبێت، بەڵام موچەی ئێستا و بەڵێنەکە نیو بەنیو جیاوازی هەیە.
لە تازەترین هەنگاویشدا، حکومەت لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان ئەو بڕە پارەیەی بڕی کە بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە تەرخان کردبوو.
ئوزگور کارابات پەرلەمانتاری جەهەپەی پارێزگای ئەستەنبوڵیش لە تویتێکدا باسی قسەکانی محەمەد شیمشەک کرد کە لە کاتی دەستبەکاربوونی وەک وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا دەستی بە کار کرد.
ئوزگور کارابات گوتی، دوێنێ شیمشەک رایگەیاند، ” کاتی ئەوە هاتووە سیاسەتێکی ئابوری عەقڵانی پەیڕەو بکرێت. بەم شێوەیە دانی بەوەدانا کە سیاسەتێکی ناعەقڵانی پەیڕەو کراوە. کەواتە ئەم سیاسەتە کە خەڵکی هەژار کردووە، لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە؟
کارابات پێی وایە بەگوێرەی هەموو ناوەند و دامەزراوەکان رێژەی هەڵاوسان زیادی کردووە و شیمشەکیش دەست بە سیاسەتی زیادکردنی باج دەکات و بەم پێیەش جارێکی دیکە قورساییەکە دەکەوێتە سەر پشتی هاوڵاتیان.