زووم، ئاژانسەکان
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس بڵاویکردەوە، سعودیە بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ بازاڕی ئابوری جیهانی کەمدەکاتەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سوتەمەنی و گازی سروشتی لە جیهاندا سەیردەکرێت، لە کاتێکدا پێشتر دووجار بەهۆی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتەوە لەلایەن وڵاتانی ئۆپێک پڵەسەوە نرخەکان زیاتر بەرزبوونەوە.
دوێنی یەکشەممە، دوای ئەوەی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس رایانگەیاند، ماوەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی داهاتوودا درێژدەکەنەوە، سعودیە رایگەیاند، لە ساڵی داهاتوودا رۆژانە بەرهەمهێنانی بڕی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت کەمدەکاتەوە.
عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری نەوتی سعودیە رایگەیاند، وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس هەرچی پێویست بێت دەیکەن بۆ ئەوەی بازاڕی نەوت سەقامگیرتر بکەن.
دوای بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس، نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاند بە رێژەی 1.5% بەرزبووەوە، یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 77 دۆلار و 23 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
شرۆڤەکارانی بازاڕی نەوت لە جیهاندا، پێانوایە نرخی گازی سروشتی هەرزان نابێت و بەپێچەوانەوە، زۆر گرانتر دەبێت. ئەمەش لە کاتێکدایە ئابوری وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا لە لاوازبووندایە و بازاڕی چین لەدوای هەڵگرتنی رێکارەکانی کۆرۆنا بەرەو بوژانەوە دەچێت.
سعودیە وەک بەرهەمهێنەری یەکەمی نەوت لە رێکخراوی ئۆپێکدا، یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە لەمانگی نیساندا رەزامەندییان نیشاندا لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتی رۆژانە بە بڕی یەک ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل. پێشتریش لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو ئۆپێک پلەس بڕیاری کەمکردنەوەی بڕی 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی دابوو کە بووە هۆی توڕەکردنی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا.
لەئێستادا ئۆپێک پڵەس بە بەراورد بە ساڵی پار بڕی 4 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوتی لەسەر کاغەزدا کەمکردووەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەندێک لە وڵاتانی ئەندام بۆ ئەوەی کورتهێنانیان نەبێت، نەیانتوانیوە بەتەواوی پابەند بن. هەر بۆیە لە ئەمری واقیعدا ئۆپێک پلەس لە ئێستادا 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی کەمکردووەتەوە، ئەمەش دەکاتە بڕی 3%ی نەوتی بەرهەمهێنراوی رۆژانە.