زووم:
چەند هەفتەیەکی کەم لەبەردەم موسڵمانانی جیهان ماوە، تاوەکو لە هەموو جیهانەوە سەردانی مەککە بکەن بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، بەڵام وادیارە بەشێکی زۆر لە موسڵمانان بەهۆی زۆری تێچووی پرۆسەکەوە ناتوانن فەریزەکە ئەنجام بدەن، بۆیە بۆ بەشێکیش لە موسڵمانان ئەنجامدانی حەج بووە بە خەون.
بەگوێرەی راپۆڕتێکی بی بی سی عەرەبی، ژمارەی ئەو موسڵمانانەی ناتوانن فەریزەی حەج، کە یەکێکە لە “پایەکانی ئاینی ئیسلام” بەجێبگەیەنن لە بەرزبوونەوەدایە، هۆکارەکەشی هەڵاوسانی ئابوری جیهانی و دۆخی گوزەرانی موسڵمانان و زۆری تێچووی ئەنجامدانی حەجە لە جیهاندا.
عەباس ئەحمەد و خەدیجەى هاوسەرى، لە راپۆرتەکەی بی بی سیدا ناویان هاتووە، ئەوان لە ساڵی 2013وە چاوەڕێن فەریزەی حەج ئەنجام بدەن. ماوەیەکی زۆرە پاشەکەوت دەکەن بۆئەوەى بتوانن حەج ئەنجام بدەن، بەڵام بەهۆی دۆخی ئابوری و هەڵاوسانی جیهانییەوە ناچارن گەیشتن بە خەونەکەیان دوابخەن بۆ کاتێکی دیکە.
عەباسی تەمەن 47 ساڵ، پیشەی بەرگدرووە، ئەو لە یەکێک لە شەقامەکانی حەلەب لە سوریا بە بی بی سی گوت، دۆخی داراییم بەراورد بە لە 80%ی هاوڵاتیانی سوریا باشترە، بەڵام هێشتا نەمتوانییەوە پارەی پێویست پاشەکەوت بکەم بۆ ئەنجامدانی حەج.
خەدیجەیە دەڵێت: “پێدەچیت خەونەکەمان بە باچووبێت
ئەنجامدانی فەریزەی حەج، خەونى خەدیجەیە، ئەو بە نائومێدییەوە دەڵێت، “پێدەچیت خەونەکەمان بە باچووبێت، بەتایبەتی بەهۆی جەنگی ناوخۆیی وڵاتەکەمان کە وایکرد نرخی پێداویتییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە”.
خەدیجە دەڵێت، “بەهۆی بەرزبونەوەی نرخەکان ناتوانین پێدوایستییەکانمان بەدەستبهێنین، ئەمەش وایکردووە ئەستەم بێت بیرلەوە بکەینەوە فەریزەی حەج ئەنجام بدەین”.
زۆری تێچووی ئەنجامدانی فەریزەی حەج و کەمی داهات لە وڵاتە عەرەبییەکاندا وای لە “خانەی ئیفتای میسر” کرد فەتوایەک دەربکات بەوەی هاوڵاتیان دەتوانن بە قیست یان قەرز فەریزەی حەج ئەنجام بدەن، فەتواکە دڵی زۆر لە موسڵمانانی خۆشکرد، چونکە پێیانوایە دەتوانێت خەونی ملیۆنان کەس لە جیهاندا بەدیبهێنێت.
عیسامی 60 ساڵان لەگەڵ خێزانەکەی ماوەی شەش ساڵە لە ئەڵمانیا دەژین، ئەوان بەهۆی ئەوەی کێشەی زمانیان هەیە ناتوانن کار بکەن و مانگانە لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە هاوکاری دەکرێن. عیسام قسەی بۆ بی بی سی کردووە و دەڵێت، فەتواکەی “خانەی ئیفتای میسری” دەتوانێت خەونی ملیۆنان موسڵمان بۆ ئەنجامدانی حەج بەدیبهێنێت، بەڵام بەداخەوە من ناتوانم سود لەو دەرفەتە ئاڵتونییە وەربگرم، بەو پێیەی من بێکارم و هیچ جۆرە قەرز و قیستێک من ناگرێتەوە.
هەرچەندە فەتواکە دڵی زۆر لە موسڵمانانی جیهانی خۆشکردووە، بەڵام پێچەوانەی ئەو بۆچوونەش عەباس و خەدیجە، کە پێشتر بەهۆی زۆری تێچوی حەجکردنەوە نەیانتوانییەوە سەردانی حەج بکەن دەڵێن، حەجکردن بۆ ئەو موسڵمانانە دروستە کە توانایان هەیە فەریزەکە ئەنجام بدەن، ئەگەر من داوای قەرز یان قیست بکەم بۆ ئەنجامدانی حەج، مانای وایە ئێمە ناتوانین پێداویستییەکانمان بەدەستبهێنین، بە واتایەکی دیکە ئیمە حەجممان لەسەر نیە.
ئەوان فەتواکەى میسر قایلى نەکردوون و حەججکردن بە قەرز بە دروست نازانن و دەڵێن، دەبێت ئێمە ساڵانێکی زۆر بەهۆی ئەو قەرزەوە پاشەکەوت بکەین و پێداویستییەکانمان کەمبکەینەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەگەر وادەزانیت ئەو هاوڵاتیە بیانیانەی لە سعودییە نیشتەجێن، بەختیان هەیە و دەتوانن بە ئاسانی فەریزەی حەج ئەنجام بدەن، ئەوا دەبێت بزانیت دۆخەکە بەو جۆرە نییە.
جەمیلە محەمەد، ژنێکی عێراقییە و ماوەی 10 ساڵە لە ریازی پایتەختی سعودییە دەژی، قسەی بۆ بی بی سی کردووە و گوتویەتی، “خەڵکی وادەزانێت ئێمەی هاوڵاتیانی بیانی بەختمان هەیە و نزیکین لە مەککە و مەدینە، هەرکات بمانەوێت دەتوانین حەجج بە پارەیەکی کەمتر ئەنجام بدەین، بەڵام دۆخەکە تەواو پێچەوانەیە.
خەدیجەی تەمەن 41 ساڵ دەڵێت، ژیان لە سعودییە ئاسان نیە، بەڵکو رسوماتیکی زۆر بۆ خوێندنی منداڵەکانمان وەردەگیرێت، جگە لە رسوماتی تازەکردنەوەی مافی نیشتەجێبوونی ساڵانە کە دەگاتە 5000 هەزار ریاڵی سعودی بۆ یەک کەس، کە بەرامبەرە بە نزیکەی 1300 دۆلار، جگە لە کرێی خانوو و کرێی کارەبا و ئینتەرنێت، ئەمەش وای کردووە ئاسان نەبێت بتوانیت پاشەکەوت بکەیت و فەریزەی حەج ئەنجام بدەیت.
نرخی ئەنجامدانی فەریزەی حەجج کردن بەگوێرەی ئەو وڵاتانە دەگۆڕێت کە حاجییەکانی لێوە دێن بۆ سعودییە، بەڵام کەمترین رێژەی تێچووی حەج کردن لە 12000 ریاڵی سعودییەوە کە دەکاتە 3000 هەزار دۆلار دەستپێدەکات بۆ نزیکەی 6000 هەزار دۆلار بۆ ئەو حاجییانەی لە دەرەوەی سعودییەوە سەردانی مەککە و مەدینە دەکەن.
ساڵانە حکومەتی سعودییە، کۆتا رۆژ دیاریدەکات بۆ چوونە ژوورەوەی حاجییان بۆ نێو مەککە لە وەرزی حەجدا، هەروەها دەروازەکانیش دادەخرێن بە رووی سەردانیکەرانی ناوخۆ و دەرەوەی سعودییە، جگە لەو کەسانەی مۆڵەتی حەج و حەمرەکردنیان پێشوەخت بەدەستهیناوە.