شەوی رابردوو بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی روسیا بۆسەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری دنیپرۆی ئۆکراین، کچێکی بچوکی تەمەن دوو ساڵان گیانی لەدەستدا و 22ی دیکەش برینداربوون.
پارێزگاری ئەو ناوچەیە رایگەیاند، تەرمی منداڵەکە لەژێر داروپەردووی خانوویەکدا لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون دەرهێنراوە. ئاماژەی بەوەشکردووە کە پێنج کەس لەوانەی کە برینداربوون منداڵن و سیانیان لەدۆخێکی تەندروستی ناجێگیردان.
لە تۆمارێکی ڤیدیۆیی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین، دەردەکەوێت کە تیمەکانی فریاگوزاریی خەیکی گەڕانن بە دوای بریندارەکاندا کە لە باڵەزخانەیەکی دوو نهۆمیدا گیریان خواردبوو.
لە بەردەوامی هێرشەکانی شەوی رابردوودا دەنگی چەندین تەقینەوە بیسترا و زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و سیستمی بەرگریی ئەو وڵاتە پێشتر بەتەواوی چالاککرابوو.
دوابەدوای هێرشەکە، زێلێنسکی روسیای بەوە تۆمەتبارکرد کە هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی نیشتەجێبوون، بەڵام روسیا ئەوە رەتدەکاتەوە.
بەهۆی بۆردومانەکانەوە، لەکۆی 22 کەس کە برینداربوون، 17 کەسیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون کە تەندروستی سێ منداڵیان لە دۆخێکی خراپدایە.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئۆکراین، شەوی رابردوو 87 دەنگی تەوینەوە بەهۆی بۆردومانی روسیاوە بیستراوە. سەرەڕای زیانە گیانییەکان، هێرشەکان زیانی زۆریان بەر باڵەخانە و ژێرخانی وڵاتەکە گەیاندووە.
هێرشەکانی شەوی رابردوو لەکاتێکدایە کە شەوێک پێشتر روسیا رایگەیاند کە دوو کەس لە شاری بێلگۆرۆد لە روسیا گیانیان لەدەستداوە کە بەهۆیەوە ئۆکراینیان لە هێرشەکاندا تاوانبارکرد، بەڵام ئۆکراین رایگەیاند کە کوژرانی ئەو دوو کەسە پەیوەندیی هەیە بەوەی کە روسیا ئەو شەڕکەرانەی کردە ئامانج کە لە دژی حکومەتی وڵاتەکە دەوەستنەوە.
ئەم رووداوانە لە کاتێكدان کە کەسێکی نزیک لە زێلێنسکی بەم دواییانە رایگەیاندبوو کە بەهۆی کەمیی چەک و تەقەمەنییەوە، هێشتا ئۆکراین ئامادە نییە دەست بکات بە هێرشی پێچەوانە بۆ سەر روسیا.