بنەماڵەی عەقید هاوکار جاف، رونکردنەوەیەکیان بڵاوکردوەتەوە و دەڵێن، “ئەمڕۆ دادگای هەولێر بە غیابی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ تاوانبارانى دۆسیەى هاوکار جاف دەرکردوە”.
رۆژى 7ى ئۆکتۆبەرى 2022 عەقید هاوکار جاف، ئەفسەری دەزگای زانیاری بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەیەوە لە بەردەم ماڵەکەی لە هەولێر کوژرا.
ئەمڕۆ، یەکشەممە، 4ى حوزەیران، بنەماڵەی عەقید هاوکار جاف رونکردنەوەکەیان بڵاوکردووەتەوە، لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، “لە دۆسیەکەدا یاسا سەروەربوو، سوپاسی سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەکەین، کە رێگریکردووە دەستوەردان لە دۆسیەکەدا بکرێت”.
کەسوکاری هاوکار جاف و دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر، پێشتر چەند ئەفسەر و بەرپرسێکی دژەتیرۆى یەکێتیان لە دۆسیەکەدا تۆمەتبارکردووە.
دوای رووداوەکە کەسوکاری هاوکار جاف و دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر، بەرپرسی دژەتیرۆرى یەکێتى و چەند ئەفسەرێکیان لە دۆسیەکەدا تۆمەتبارکرد و بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرا. دواتر یەكێتی و دژەتیرۆر رەتیانکردوەو دەستیان لە رووداوەکەدا هەبێت و داوای لێکۆڵینەوەی دادپەروەرانەیان کرد بەجۆرێک نوێنەری وڵاتانی دەرەوەی تێدابێت.
لەدوای رووداوەکە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی گرژی تێکەوت و تیمی وزاری یەكێتی و قوباد تاڵەبانی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کرد، بەڵام رەتیان دەکردەوە بایکۆتەکەیان لەسەر ئەم دۆسێیە بێت، “پشکی سلێمانی و نادادی داهات و مووچەیە”یان بە هۆکار دەزانى.
تاوەکو ئێستا دادگاى هەولێر هیچ روونکردنەوەیەکى لەبارەى بڕیارەکەوە نەداوە، دژەتیرۆرى سلێمانیش قسەى لەسەر نەکردووە و هێشتا زووم، بڕیارەکەى دادگاى نەبینیوە و بۆى پشتڕاست نەکراوەتەوە.
پاش گەڕانەوەى تیمى یەکێتى، لە یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران بە بەشدارى قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیران و تیمى یەکێتى لە رۆژى 14ى ئایار، ئەنجومەنى ئەنجومەنى وەزیران راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە، تێیدا هابوو، ” لــەبــارەی کــێشە ئــەمــنییەکــان، ئــەنــجومــەنــی وەزیــران بــڕیــاریــدا، لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لە رێی لــیژنــەیــەکــی تــایــبەتــمەنــد لە دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدرێت، ســەبــارەت بــە دۆســیە ئــەمــنییەکــان بــەگشــتی دوور لـــە دەســـتێوردانـــی ســـیاســـی. دواتـــر رێکاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر”.